کینیا وڵاتێکی ئەفریقیە و دەکەوێتە رۆژهەڵاتی کیشوەری ئەفریقا. وڵاتی کینیا هاوسنورە لەگەڵ هەریەکە لە وڵاتانی صۆماڵ و یۆگەنگدا و باشوری سودان و ئەسیوبیا و رواندا لەرێگەی دەریاچەی ڤیکتۆریا کە بە یەکێک لە گەورەترین دەریاچەکان دادەنرێت لەسەر ئاستی دوونیا.
چۆن ڤیزای کینیا بەدەستبهێنم
بۆ بەدەستهێنانی ڤیزای کینیا پیویست بەوە
ناکات سەردانی کونسوڵخانە یاخود بالیۆزخانەکانیان بکەن، بەڵکو لەرێگەی ئۆنلاینەوە
دەتوانرێت داواکاری ڤیزا پێشکەش بکرێت لەرێگەی ماڵپەری https://evisa.go.ke/evisa.html
لەوێدا هەژمارێک درووست بکە و داواکاری ڤیزا پێشکەش دەکەیت. بۆ بەدەستهێنانی ڤیزا
ئەم پێداویستیانەت پیویستە:
1-
کۆپی پاسپۆرت (نابێت پاسپۆرتەکەت کەمکتر لە ٦ مانگی مابێت بۆ بەسەرچوونی)
2-
وێنەی کەسی باکگراوندی سپی
3-
حیجزی هۆتێل (دەتوانن لەرێگەی Booking.com
بەبێ ڤیزە کارت حیجز بکەن)
4-
تکتی چون و هاتنەوە (دەتوانن حیجزێکی کاتی بکەن تاوەکو بەدەستهێنانی
ڤیزاکە)
5- ٥١ دۆلاری ئەمریکی دووای
پەسەندکردنی ڤیزاکەت
6-
هەر بەڵگەنامەیەکی تر کە خزمەت بە داواکاریەکەت دەکات بۆ نمونە پشتگیری کار
و هەژماری بانکی ...هتد.
7-
پرکردنەوە و پێشکەشکردنی داواکاری ڤیزا و پێشکەشکردنی سەرجەم ئەو
داواکاریانەی لای سەرەوە لەرێگەی https://evisa.go.ke/evisa.html
وەرگرتنی ڤیزا ماوەی چەندی پێدەچێت
خۆم لە ماوەی تەنها ٢٥ کاتژمێر ڤیزاکەم
وەرگرت، بەڵام دەگەرێتەوە سەر کەسەکە و ئیمیگرەیشنی کینیا، بەڵام بە گشتی لە ماوەی
کەمتر لە (١٠ رۆژ) دەکرێت ڤیزاکەت بێتەوە.
دووای بەستهێنانی ڤیزا چی بکەم
کاتێک ڤیزاکەت قەبوڵ دەکرێت ئینجا پارەی ڤیزاکە
دەدەیت و دەتوانی داونلۆدی بکەیت و چاپی بکەیت و حیجزی فرۆکە بکەیت.
نرخی پلیتی فرۆکە چەندە
بەپێی وەرز دەگۆردرێت لە نێوان ٨٠٠ بۆ ١٢٠٠
دۆلارە.
باشترین کات بۆ سەردانیکردنی کینیا
باشترین کات بۆ ئەوەی سەردانی کینیا بکەیت
مانگی حوزەیران تاوەکو مانگی تشرینی یەکەمە واتە ئەو کاتەی کە لە کوردستان هاوینە،
لەوێ کەشوهەواکەی ساردە و لەنێوان ١٤ بۆ ٢٢ پلەدایە. واتە لە هاوینی کوردستان
دەربازت دەبێت و دەچیتە کەشێکی زستانە.
چوون بۆ فرۆکەخانە
دەمەوێ لەگەڵ خوێنەران رووداوێک باس بکەم لە
فرۆکەخانەی هەولێر. بەداخەوە بەشیک لە کارمەندانی هێلەکانی فرۆکەوانی شارەزاییان
نییە لە گەشتوگوزار و داواکاری وڵاتان بۆ داخیل بوون، بۆیە زۆرجار کێشەت بۆ درووست
دەکەن. کاتێک تکتەکەیان پێدام چەندین پرسیاریان لێکردم، ئەوەبوو لەکاتی
چوونەژوورەوە بۆ فرۆکەکە کارمەندێک هات و وتی وەرە تۆ ناتوانی سەفەر بکەیت،
پاسپۆرتیان لێوەرگرتم و خروجیەیان بۆ کردم، وتم بۆچی؟ وتیان ڤیزاکەت تەواو نیەو
ناتوانی بەو ڤیزایە سەفەر بکەیت چونکە باوەر پێکراو نییە، ئەو هێلەی کە سەفەرم
پێدەکرد هێلی فرۆکەوانی قەتەریە بوو. زۆر بێتاقەت بووم وتیان فەرموو ئەو
جانتاکەتە، بەڵام دلنیابووم لەوەی ئەو ڤیزایەی کە وەرمگرتبوو و ئەو ماڵپەرەی کە
داواکاری ڤیزاکەم پێشکەش کردبوو چەند جارێک تەماشام کردبوو. لاپتۆپم هەمیشە پێیە و
وەکو بەشێک لە خۆم ئەیبینم، بۆیە وتم نەخێر ئێوە هەڵەن ئەمە ماڵپەری فەرمی حکومەتی
کینیایە، ئەمە وەزارەتی تەندرووستیانە، ئەمە ئیمیگرەیشنیانە هەمان دۆمەینن و
سەلماندم کەوا من راستم و ئەوان هەڵەن، ئەوەبوو بە ٣ کارمەندەوە لەماوەی تەنها (٥)
خولەک هەموو شتیان پێدامەوە و کەسێک لەگەڵم هات بۆ ناو فرۆکەکە تاوەکو بە فرۆکەکەدا
بگەم کە سەرجەم سەرنشینان سواری فرۆکەکە بوو بوون. بۆیە ئاگاداری ئەو خاڵە بن
چونکە خەلکی سەردانی ئەفریقا ناکات لە کوردستان و زانیاریان نییە، دەکرێت ئێوەش
توشی هەمان کێشە بن، ئەگەر زیرەکی خۆم نەبووایە هەرگیز نەدەچووم.
گەیشتن بە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی جۆمۆکینیاتە
ئێمەی کورد مێژوویەکمان لەگەڵ ئەم
فرۆکەخانەیە هەیە، هەمان ئەو فرۆکەخانەیەیە کە دەزگای هەواڵگری تورکی و ئەمریکی و
ئیسرائیلی عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستانیان تێدا دەستگیرکرد.
کاتێک دەگەیتە فرۆکەخانە راستەوخۆ ئەو مێژووەت دێتە بەرچاو. لەوێدا ئەوانەی ڤیزای
ئۆنلاینیان هەیە، کارمەندێک دەتنێرێتە ژوورێک و سکانێکی ڤیزا ئۆنلاینەکەت دەکات و
مۆرێک لە ڤیزاکەت دەدات و دەلێت بەخێربێی بۆ کینیا و برۆ مۆری چوونەژوورەوەی
لێبدە. لەوێدا بەوپەری رێزەوە پێت دەلێت بەخێر بێیت بۆ کینیا.
کە لە فرۆکەخانە دەردەچیت، چەندین تەکسی و
هۆکاری گواستنەوە چاوەرێت دەکات. تەکسی لەوێ هێندە گران نییە، بەڵام باشتر وایە
ئوبەر داونلۆد بکەن و لەرێگەی ئوبەرەوە برۆن تاوەکو فێڵتان لێنەکرێت. من هەر لە
فرۆکەخانە سیمکارتێکم کری نرخەکەی (٢٥) دۆلار بوو، بەڵام لە راستیدا تەنها ٢
دۆلارە لە دەرەوە و بە پاکێجی ئینتەرنێتەوە ناگاتە ١٥ دۆلار ئەگەر لەنایرۆبی
بیکری. بەڵام پێویستە بۆ ئەوەی بتوانی بە ئوبەر بچیتە ناو شار.
گەیشتن بە نایرۆبی
هەر کە لە فرۆکەخانە دەردەچیت، ئیتر وێنەی
ئاژەڵی کێوی دەبینی و ولاتەکە بە سافاری و ئاژەڵ بەناوبانگە و سەرجەم ئەو شتانەی
کەوا لە ناشناڵ جیۆگرافی دەیبینی، لەوێدا بە چاوی خۆت ئەیبینی. لەسەر شەقامەکان
دەبینی ولاتەکە سەرقالی درووستکردنی پرد و شەقام و باڵەخانەیە و کۆمپانیا چینیەکان
لە هەموو شوێنێکدا دەبینی. ناوچەکانی کیلیمانی و وێستلاند باشترین ناوچەن بۆ
گەشتیاران. بەڵآم ئاگاداربن ئەگەر لە شەودا گەیشتن بەهیچ شێوەیەک نەچنە شوێنێک
کەوا چۆڵە چونکە شوێنە سەلامەت نییە و دەکرێت دزیتان لێبکرێت. بۆیە تاوەکو رۆژ
دەبێتەوە لە هۆتێلدا بمێننەوە.
ئاگاداری چی بم لە کینیا
بیرمە لە بارێک دانیشتبووم، بەرێزێک هات و
وتی دەزانی چی، وتم چی وتی مۆبایلەکەت بشارەوە! وتم بۆچی؟ وتی ئێمە هەموو شتێک
دەدزین، بۆیە دوواتر گلەیمان لێمەکە، منیش بە پێکەنینێکەوە وتم سوپاس. بەهەمان
شێوە لەنێو تەکسی جامەکان کرابوونەوە وێنەم دەگرت، شوفێرەکە وتی مۆبایلت هەڵگرە
دەیدزن! وتم بەڵام لەناو تەکسیم! وتی جا چیە باشتر بۆ دزەکان. بۆیە منیش بریارمدا
زیاتر وریابم و شتەکانم بەجۆرێک بشارمەوە کەوا نەدزرێت و نەدزرێم.
بەرێزان کە گەیشتمە نایرۆبی رۆژ بوو،
محازەرەی ئۆنلاینم هەبوو هی پێداگۆجی، لەرێگەی Airbnb لە مالێکدا ژورێکم گرتبوو
و لەگەڵ ماڵەکەدا دەمامەوە ٢ ژن و پیاوێک بوون. لە دووای محازەرە چوومە دەرەوە، کە
هاتمەوە وتیان لە کوێ بووی وتم چوومە فلانە شوێن، وتیان تۆ شێتی، وتم بۆ وتیان
چۆنە ماوی.
تەبعەن چیرۆکی دزی لە هەموو شوێنێک گوێبیستی
دەبیت لە کینیا، بەڵام من چێژم لەو شتانە دەبینی، چونکە بە بۆ من خۆخستنە
مەترسیەوە چێژ بەخشە، بەڵام تۆ وەکو من مەکە.
کە سەیری دووکانەکانت دەکرد، هەموو بە شیش
بەربەستی بۆ درووستکرابوو لە ناو دووکانەکانیش چەند شتێکی کەمی تێدابوو کە هەر
بایی ٢٠٠ دۆلارێک دەبوو، رێک ئەتووت ئاسایشی بەندیخانەکانە، وتم بۆچی ئەم شیشانە،
وتیان ئەی دز! هههه ئیتر چاوەرێ بووم دزیم لێبکرێت. خۆشبەختانە لە نایرۆبی پایتەخت
دزیم لێنەکرا تاوەکو چوومە کەناراوەکانی دیانی لە سەر سنوری تەنزانیا.
بۆ ئەوەی کۆتایی بە چیرۆکەکانی دزی بهێنم، لە
دوواین رۆژەکانم بووم لە دیانی، بەیانیەک هاورێیەکی ئەڵمانیم ناسیبوو چونکە زۆر
لەوێ مابوومەوە، ئیتر وتی نەبەز دزیم لێکراوە وتم چۆن، وتی با قاسەکانیان شکاندووە
کامێرا و ئایپاد و چەندین کەلوپەلی گرانبەهایان دزیوە، ئەگەر باش لەبیرم مابێت، نزیکەی
٧ بۆ ٨ هەزار دۆلار بوو بەهاکەی. ئیتر منیش وەکو وتم چێژم لە دۆخەکە دەبینی، چووین
بۆ بنکەی پۆلیس سکالامان کرد، ئیتر زۆر خۆشبوو بە ئۆتۆمبێلی پۆلیس هاتینەوە بۆ
شوێنەکەمان و لەوێدا تەماشای کامێرای چاودێریمان کرد و بینیمان ٢ کەس قاسەکە
دەشکێنن.
سەیرترین شت ئەوە بوو پۆلیسەکان وتیان دەبێت
پارەمان بدەنێ بۆ ئەوەی یارمەتیتان بدەین، ئەوەبوو ٢٠٠ دۆلاریدا بۆ ئەوەی هاوکاری
بکەن، کە هەرگیز نەیان کرد، دوواتر هەمان روودا و هەمان کەسەکان لە ٣ هۆتێلی ئەو
ناوچەیە حالەتەکەیان دووبارە کردبووەوە، تا لە کۆتاییدا نازنامەکانیان دەستنیشانکرا
کە خەلکی یۆگەندا بوون، بەڵام کەس نەیوت مالتان لە کوێیە. بە پۆلیسمان وت، وتیان
دەیبەنە بازارێک لە نایرۆبی و مۆمباساش هەمان بازار هەیە کەلوپەلی دزی دەفرۆشرێت.
وتمان دەچین، ئەوەی لەوێ بوو ئامۆژگاریان کردین نەکەین چونکە تەنانەت پۆلیسیش
ناتوانێت بچێتە ئەو شوێنە و ئەوەی لەبەریشماندایە رووتمان دەکەنەوە و خۆشمان
دەدزن. بەراستی بۆ من هەموو ئەمانە چێژ بەخش بوو ئەتوت ٥٠ ساڵە لەو ولاتە ئەژیم.
ئاگاداری چیتر بم
کاتێک لە بارێک یان شوێنێکی گەشتیاری
دادەنیشی، ئەگەر پیاو بیت، کچێک یان ژنێک لێت نزیک دەبێتەوە و دووای قسەکردن داوای
پارەت لێدەکات و پارەت پێ خەرج دەکات، بۆیە تکایە ئاگاداربن بە رووی کەسدا
پێنەکەنن چونکە تێچووی هەیە. بەهۆی شارەزاییم لە ولاتان من دووچاری ئەم حالەتە
نەبووم.
جگە لەمەش بەهیچ شێوەیەک وێنەی شوێنە
گشتیەکان مەگرن بەتایبەت لە هێلی شەمەندەفەر و شوێنێک کە پۆلیسی لێبێت. بیرمە لە
هێلی شەمەندەفەر سێلفیەکم گرت، پۆلیسێک هات وتی دەستگیرت ئەکەم وتم بۆچی، وتی
وێنەت گرتووە، وتم فەرمی رەشی بکەوە، وتی نەخێر نایکەم، چییە دەترسێی، باشە با
رێکبکەوین، وتم چۆن، وتی تۆ برێک پارەم بدەیە، حەز دەکەیت تا دەرۆیت وێنە بگرە من
پارێزگاریت لێدەکەم، وتم نا نا ببورە وێنەکان لابە، وتی نا نا وەکو پیاو با قسە
بکەین، تۆ پارەم بدەیە، بیری لێبکەوە منیش دەتپارێزم. ئەم حالەتە گشتیە بۆیە
ئاگادار بن.
ئایا هەموو شتەکان نەرێنین لە کینیا
بێگومان نەخێر، کینیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە
دەتوانی چێژی لێوەربگریت و جیاوازترین کاتەکانی ژیانت ئەزموون بکەیت. بۆ من چێژم
لە چرکە بە چرکەی ئەم وڵاتە وەرگرت. خەڵێکی کراوە و گەشیان هەیە، چەند هاورێیەکم
تاوەکو ئێستا لەوێدا هەیە، کاتێک کە دەبیت بە هاورێیان زۆر دلسۆن و تەنانەت
بانگهێشتت دەکەن و خواردن و خواردنەوەشت بۆ دەکرن هێندە دلیان باشە.
سەرەرای ئەمانەش چەندین شوێنی گەشتیاریان
هەیە کە بۆ من زیاتر لە ئەوروپا چێژ بەخشتر بوو، ئەگەر هەریەکە لە تایلەند و
فلیپین و چیک لابەم، کینیا خۆشترین وڵات بووە گەشتم بۆی کردبێت.
شوێنە گەشتیاریەکان کوێن و سەردانی کوێ بکەم
فیلە بێلانەکان و سەنتەری زەرافە
لەم شوێنە دەتوانن خواردن بدەنە فیلەکان و
زەرافەکان و لە نزیکەوە دەستیان لێبدەن و کاتێکی خۆشیان لەگەڵ بەسەر بەرن. چەندین
پاکێج بەردەستە و لە هۆتێل هەڵتدەگرن و دوواتر دەتگەرێننەوە و نرخەکەشی تەنها (٩٥
دۆلارە). بۆ ئەم گەشتە پیویستت بەوەیە رۆژێکی بۆ تەرخان بکەیت.
سافاری لە پارکی نیشتیمانی نایرۆبی
پارکی نیشتیمانی نایرۆبی لەرێگەی نێوان
فرۆکەخانە و نایرۆبییە و دەکەوێتە تەنیش شار و لەهەندێک شوێندا بە روونی دەبینرێت.
بەیەکێک لە ناوازەترین پارکە نیشتیمیانەکان دادەنرێت. لێرەدا پاکێجی گەشتیاری
بەردەستە و گەشتیار دەتوانێت بە کەمتر لە ٧٠ دۆلار سەردانی بکات و فیل و کەری کێوی
و شێر و راینۆ زەرافە و چەندین گیانداری تر ببینیت، ئەگەر بەختت هەبێت دەبینی شێر
ئاژەلی تر دەخوات. بۆ ئەم گەشتەش رۆژێکت دەوێت.
ماسای مارا
ماسای مارا دەکەوێتە باشری رۆژاوای کینیا و
لە نزیک سنورەکانی تەنزانیا، باشترە بچیتە مۆمباسا و لەوێوە سەردانی بکەیت. ماسا
مارا ماڵی سەدان هەزار ئاژەلێ کێویەو لەوێدا ئەو دیمەنانەی کەوا لە ناشناڵ
جیۆگرافی دەیبینن، باچاوی خۆتان و لە راستیدا بەرچاوتان دەکەوێت. گەشتی سافاری
بەردەستە و لەنێو پارکەکەدا لەژێر خێوەتدا لەنێو دارستانەکاندا دەمێننەوە و لە ٣٠٠
دۆلارەوە دەستپێدەکات بە پێی گەشتەکەتان. ئەم شوێنە بەراستی هەستێکی جیاوازت
پێدەبەخشیت لە ترس و ئاڵەنگاری و ئازایەتی. هۆزی ماسای لە کینیا زۆر بەناوبانگن
هەر خەلکی ئەو ناوچەیەن، بەوە ناسراون کە دەتوانن شێریش بکوژن، بۆیە دەبینی بە
جلوبەرگی جیاواز و بە دارێکەوە دەسورێنەوەوە کە ئاماژەی هۆزەکەیانە و بە خەڵکی
ئازا و چاونەترس دەناسرێن. لێرەدا چەندین ئاژەلی کێوی دەبینیت و دەبینیت چۆن
یەکتری دەخۆن و ژیانی سروشت بەچاوی خۆت ئەزموون دەکەیت.
پارکی نیشتیمانی ئەمبۆسێلی
ئەمبۆسێلی دەکەوێتە باشوری وڵاتەکە و نزیکە
لە چیای کیلیمانجارۆ بە فیل بەناوبانگە. جگە لە فیل زەرافە و بەور و کەری کێوی و دەیان
جۆری باڵندەی جیاواز و ئاژەلی کێوی تر. دیمەنێکی سروشتی ئێجگار دلرفێنە بەتایبەت
کاتێک فیل و چیای کەلیمانجارۆ تێکەڵ بە دیمەنەکان دەبن.
ماونت کینیا
بەشی باکوری کینیا ناوچەی شاخاویە و
دیمەنەکانی نزیکە لە کوردستان. ئەوەی ماونت کینیا لە کوردستان جیادەکاتەوە ئەوەیە
لەوێدا کێڵگەی قاوە و چای هەیە، کینیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە ریزبەندی پێشەوەی
هەناردەی قاوە و چای دادەنرێت، لە ماونت کینیا سەرارای ئاشنابوون بە کلتوری
ناوچەکە و بینینی چەندین ئاژەڵی جیاواز و کێوی و دیمەنی دلرفێنی ماونت کینیا،
ئاشنا دەبیت بە کێڵگەی قاوە و چای. پێویستت بە لانیکە ٤ رۆژ هەیە تاوەکو چێژ لەو
ناوچەیە ببینیت.
مۆمباسا
مۆمباسا دووای نایرۆبی بە دووەم گەورەترین
شاری کینیا دادەنرێت، من زۆربەی کاتەکانم لەم ناوچەیە بەسەر برد، هەرچەندە
کەشوهەواکەی گەرمترە بەهۆی نزیکی زۆری شێ کە کەوتووەتە سەر زەریای هیندی، بەڵام
دیمەنەکان لێرە جوانترن و ئاسانتر دەگەیت بە ناوچە گەشتیاریەکان. بەهەمان شێوەی
نایرۆبی، مۆمباسا زۆر سەلامەت نییە و رێژەیەکی زۆر موسلمانی تێدا دەژی، بەڵام
تاوەکو بلییت شارێکی جوان و دلرفێنە و چەندین مۆڵی تێدایە. دەتوانی سەردانی فۆرت
جێسوس بکەیت کە شوێنەوارێکی مێژووییە و لەلایەن پرتوگالیەکانەوە لە ساڵی ١٥٩٣
بنیادنراوە. شارەکە جگە لە پرتوگالیەکان کاریگەری کلتوری یەمەنیشی لەسەرە چونکە
سەردامانێک فەرمانرەوایی ئەم شوێنەیان کردووە، هەر بۆیە ژمارەیەکی زۆر موسلمان لەم
شارەدا دەژین.
ئەگەر حەز بە سنۆکلینگ و ژێر ئاو دەکەیت،
پارکی نیشتیمانی ژێردەریایی مۆمباسا ئەم بژاردەیەت پێشکەش دەکات و دەتوانی بچێتە
ژێردەریا و گیانداری ژێر دەریاکان ببینی.
ئەوانەی حەز بە بینینی شوێنەواری مێژوویی
دەکەن، مۆمباسا چەندین گەرەکی کۆنی مێژوویی تێدایە بەتایبەت مۆمباسا ئۆڵد تاون کە
بەتەواوەتی پاشماوە و کاریگەری داگیرکەرە پرتوگالیەکان بەم شوێنەوە دیارە و
تەنانەت هەندێک لە دانیشتوانی ئۆلد تاون عەرەب و هیندی و ئەوروپی و ئاسیایین. هەر
لە مۆمباسا دەتوانی سەردانی ئەم شوێنە گەشتیاریانە بکەیت:
1- کەناراوەکانی دیانی
کاتژمێریك لە مۆمباساوە دوورە و من دوو هەفتە
لەم شوێنەدا ماومەتەوە و بە یەکێک لە ئارامترین و دلرفێنترین کەناراوەکانی ئەو
وڵاتە هەژمار دەکرێت. ئاوەکەی پاقژە و چەندین شوێنی گەشتیاری و هۆتێل و شوێنی
حەوانە و بار و چێشتخانەی تێدایە. گەشتیار دەتوانێت بە پاس بگاتە ئێرە لە
مۆمباساوە و ئیتر چێژ ببینێت لە هەموو چرکەکان. لە دیانی جگە لە خزمەتگوزاریە
گەشتیاریەکان و کەنار دەریا، دارستانیشی لێیە و کێلگەی کشتوکاڵی دەبینی. شوێنێکی
پاقژ و ئارام و چێژ بەخشە و تێکەڵ بەسروشتت دەکات. نرخی هۆتێلیش لێرەدا هێندە گران
نییە. پێشنیاری ئەم شوێنە بۆ هەر گەشتیارێک دەکەم.
سەنتەری گوندی مامبا
ئەم شوێنە دەکەوێتە دەرەوەی مۆمباسا و
شوێنێکی گەشتیاریە کە لەوێدا ئاشنای تیمساح دەبیت. کێلگەی بەخێوکردنی تیمساحی لێیە
و هۆتێل و شوێنی حەوانەوەی تێدایە. لەم شوێنە (٢) رۆژ ماومەتەوە و ئەوەندە کاتە
بەسە و دەتوانی ئاشنای دیمەنی تیمساحەکان ببیت.
کەناراوەکانی نیالی و بەمبوری
هەر لە پاڵ مۆمباساوە دەتوانیت ئاشنای کەناراوەکانی
نیالی و بەمبوری ببیت. من خۆم دیانیم لەلا خۆشتر بوو، بەڵآم ئەگەر دەخوازی لە
هۆتێلی پێنج ئەستێرەیی بمێنیتەوە و خزمەت بکرێیت نیالی چەندی هۆتێلی تێدایە کە
دەتباتە دوونیایەکی تر، دوواتر دەتوانی بە حوشتر بەسەر کەناراوەکانی نیالی گەشت
بکەیت و چێژ وەربگریت.
ژیانی شەوانەی کینیا
ئەو کەسانەی کە خوازیاری ژیانی شەوانەن، لە
هەر یەکە لە نایرۆبی و مۆمباسا و دیانی و نیالی دەتوانن چێژ وەربگرن و چەندین
یانەی شەوانە هەیە و دەتوانی لەگەڵ کینیەکان سەما بکەیت و گۆرانی بلێیت. بەڵآم
ئاگاداری گیرفانەکانتان بن و هەمیشە بیرتان نەچێت پارێز بەکابهێنن چونکە رێژەی ئەو
کەسانەی ڤایرۆسی ئایدزیان هەیە زۆرن، بۆیە نابێت هیچ کات بەبێ پارێز لە هیچ کەسێک
نزیک بیتەوە.
خواردن و خواردنەوە
سەرجەم خواردنە رۆژاواییەکان بەردەستە و
براندە جیهانیەکان لەوێدا هەیە. دەتوانی لەرێگەی ئوبەریشەوە داوای خواردن بکەیت.
بە گشتی گەشتیار کێشەی خواردنی بۆ درووست نابێت. بۆ ژەمێکی خواردن پیویستت بە
لانیکەم (١٠) دۆلار دەبێت، ئیتر دەکرێت زیاتر بێت بەڵام کەمتر نییە و خواردن کەمێک
لە کوردستان گرانترە، بەڵام خواردنەوە بەهەمان شێوەی کوردستانە و نرخەکان گونجاون.
نرخی هۆتێل
هۆتێل دەوەستێتە سەر کەسەکە، بەڵام بە گشتی
ئەگەر لە هۆتێلێکی (٣) ئەستێرەیی بمێنیتەوە و کە شیاوی مانەوە بێت بۆ دوو کەس (٤٠
دۆلار) دەبێت. هۆتێل لە کینیا بە بەراورد بە کوردستان هەرزانترە.
گواستنەوە
باشتر وایە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر ئوبەر
بەکاربهێنیت، من خۆم تاکسی ماتۆرم دەگرت کە هەرزانترین و خێراترین بوو، جگە
لەمانەش پاسی کەیە بەردەستە و تەکسی و شەمەندەفەر هەیە. نرخەکان بەپێی جۆری هۆکاری
گواستنەوە دەگۆرێت. لە نایرۆبی باشتر ماتۆر و ئوبەر، لە دیانی باشتر وایە توک توک
بەکابهێنێت، لە نایرۆبی بۆ مۆمباسا کە (٤) کاتژمێر دەخایەنێت و بەنێو پارکە
نیشتیمانیەکاندا تێدەپەرێت، باشترە شەمەندەفەر بەکابهێنیت.
چ شتێک فێربووی لە کینیا
بۆم دەرکەوت کەوا ئەفریقا گەرم نییە بەڵکو
ساردە، بیابان نییە بەڵکو دارساتن و دەریا و دەریاچەی زۆرن، بۆم دەرکەوت کە خەڵکی
ئەفریقا هەژار نین، بەڵکو دەوڵەمەندیان ئێجگار زۆرە بەڵام سیستەمی سیاسی و وڵاتانی
زلهێز خەلکیان هەژار کردووە، بۆم دەرکەوت کە شارەکانیان لە زۆرێک لە ولاتانی
ئاسیایی و رۆژەهەڵاتی ناوەراست بە کوردستان و ئێراق و ئێرانەوە پێشکەوتووترە، بۆم
دەرکەوت کە سەرەرای ئەو دزی و گەندەڵیەی کە هەیە، خەڵکی پێداویستیە سەرەکیەکانیان
بەردەستە و زۆر رۆشنبیرن تەنانەت لە میوانداری و گەشتیاری هێندە پێشکەوتووترن لە
ئێمە کە بەراورد ناکرێن.
بۆ ١٠ رۆژ مانەوەم چەند پارەم پێویستە
١٥٠٠ دۆلار بەسە بۆ ئەوەی گەشتێکی ئاسایی
بکەیت و ماوەی ١٠ رۆژ لە کینیا بمێنیتەوە. بەڵام بۆ گەشتێکی شاهانە زیاترت دەوێت و
دەکرێت ئەگەر رەزیلیش بیت و سافاری نەکەیت و نەخۆیتەوە بە ١١٥٠ دۆلار دەربچیت.
ئایا پێشنیار دەکەیت کە سەردانی کینیا بکەم
سەد لە سەد بەڵام ئاگاداری تەندرووستیتبە لە
مەلاریا و ئایدز و ئاگاداری گیرفانتبە لە گیرفانبر و پۆلیس، برۆ گەشت بکە و چێژ
ببینە.
چەند زانیاریەکی تر دەربارەی کینیا
ژمارەی دانیشتوان: 53.7
مللیۆن
ئاین: ٨٥٪ مەسیحی؛ ١٢٪ موسڵمان
زمان: سەواحیلی بەڵام کینیەکان ئینگلیزی دەزانن و زیاتر لە ٦٠ زمانی جیاوازی
تێدایە، هەر هۆزێک و زمانێکی جیاوازی هەیە
دراو: شیلینگی کینی
ژمارەی پارکە نیشتیمیانیەکان کە پرن لە
ئاژەڵی کێوی: ٥٠ پارک
ماونت کینیا دووەم گەورەترین چیایە لە ئەفریقا
گورەترین ناردەنی کینیا قاوەیە بۆ دەرەوەی
ولات
کێ خەڵکی کینیایە: باراک ئۆباما سەرۆکی پێشوتری ویلایەتە
یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرەچەڵەک خەڵکی کینیایە
کینیا بەچی بەناوبانگە: کینیا خاوەنی بەناوبانگترین گەشتی سافاری و
پارکی نیشتیمانییە کە بێهاوتایە لە جیهاندا
2 comments:
Bro I enjoyed while reading your blog, keep going. Thanks
It was useful
Thanks brother
Post a Comment