Thursday, August 18, 2022

رێبەری گەشتیاری کینیا

 کینیا وڵاتێکی ئەفریقیە و دەکەوێتە رۆژهەڵاتی کیشوەری ئەفریقا. وڵاتی کینیا هاوسنورە لەگەڵ هەریەکە لە وڵاتانی صۆماڵ و یۆگەنگدا و باشوری سودان و ئەسیوبیا و رواندا لەرێگەی دەریاچەی ڤیکتۆریا کە بە یەکێک لە گەورەترین دەریاچەکان دادەنرێت لەسەر ئاستی دوونیا.

 


چۆن ڤیزای کینیا بەدەستبهێنم

بۆ بەدەستهێنانی ڤیزای کینیا پیویست بەوە ناکات سەردانی کونسوڵخانە یاخود بالیۆزخانەکانیان بکەن، بەڵکو لەرێگەی ئۆنلاینەوە دەتوانرێت داواکاری ڤیزا پێشکەش بکرێت لەرێگەی ماڵپەری https://evisa.go.ke/evisa.html لەوێدا هەژمارێک درووست بکە و داواکاری ڤیزا پێشکەش دەکەیت. بۆ بەدەستهێنانی ڤیزا ئەم پێداویستیانەت پیویستە:

1-   کۆپی پاسپۆرت (نابێت پاسپۆرتەکەت کەمکتر لە ٦ مانگی مابێت بۆ بەسەرچوونی)

2-   وێنەی کەسی باکگراوندی سپی

3-   حیجزی هۆتێل (دەتوانن لەرێگەی Booking.com بەبێ ڤیزە کارت حیجز بکەن)

4-   تکتی چون و هاتنەوە (دەتوانن حیجزێکی کاتی بکەن تاوەکو بەدەستهێنانی ڤیزاکە)

5-   ٥١ دۆلاری ئەمریکی دووای پەسەندکردنی ڤیزاکەت

6-   هەر بەڵگەنامەیەکی تر کە خزمەت بە داواکاریەکەت دەکات بۆ نمونە پشتگیری کار و هەژماری بانکی ...هتد.

7-   پرکردنەوە و پێشکەشکردنی داواکاری ڤیزا و پێشکەشکردنی سەرجەم ئەو داواکاریانەی لای سەرەوە لەرێگەی https://evisa.go.ke/evisa.html

وەرگرتنی ڤیزا ماوەی چەندی پێدەچێت

خۆم لە ماوەی تەنها ٢٥ کاتژمێر ڤیزاکەم وەرگرت، بەڵام دەگەرێتەوە سەر کەسەکە و ئیمیگرەیشنی کینیا، بەڵام بە گشتی لە ماوەی کەمتر لە (١٠ رۆژ) دەکرێت ڤیزاکەت بێتەوە.

 

دووای بەستهێنانی ڤیزا چی بکەم

کاتێک ڤیزاکەت قەبوڵ دەکرێت ئینجا پارەی ڤیزاکە دەدەیت و دەتوانی داونلۆدی بکەیت و چاپی بکەیت و حیجزی فرۆکە بکەیت.

 

نرخی پلیتی فرۆکە چەندە

بەپێی وەرز دەگۆردرێت لە نێوان ٨٠٠ بۆ ١٢٠٠ دۆلارە.

 

باشترین کات بۆ سەردانیکردنی کینیا

باشترین کات بۆ ئەوەی سەردانی کینیا بکەیت مانگی حوزەیران تاوەکو مانگی تشرینی یەکەمە واتە ئەو کاتەی کە لە کوردستان هاوینە، لەوێ کەشوهەواکەی ساردە و لەنێوان ١٤ بۆ ٢٢ پلەدایە. واتە لە هاوینی کوردستان دەربازت دەبێت و دەچیتە کەشێکی زستانە.

 

چوون بۆ فرۆکەخانە

دەمەوێ لەگەڵ خوێنەران رووداوێک باس بکەم لە فرۆکەخانەی هەولێر. بەداخەوە بەشیک لە کارمەندانی هێلەکانی فرۆکەوانی شارەزاییان نییە لە گەشتوگوزار و داواکاری وڵاتان بۆ داخیل بوون، بۆیە زۆرجار کێشەت بۆ درووست دەکەن. کاتێک تکتەکەیان پێدام چەندین پرسیاریان لێکردم، ئەوەبوو لەکاتی چوونەژوورەوە بۆ فرۆکەکە کارمەندێک هات و وتی وەرە تۆ ناتوانی سەفەر بکەیت، پاسپۆرتیان لێوەرگرتم و خروجیەیان بۆ کردم، وتم بۆچی؟ وتیان ڤیزاکەت تەواو نیەو ناتوانی بەو ڤیزایە سەفەر بکەیت چونکە باوەر پێکراو نییە، ئەو هێلەی کە سەفەرم پێدەکرد هێلی فرۆکەوانی قەتەریە بوو. زۆر بێتاقەت بووم وتیان فەرموو ئەو جانتاکەتە، بەڵام دلنیابووم لەوەی ئەو ڤیزایەی کە وەرمگرتبوو و ئەو ماڵپەرەی کە داواکاری ڤیزاکەم پێشکەش کردبوو چەند جارێک تەماشام کردبوو. لاپتۆپم هەمیشە پێیە و وەکو بەشێک لە خۆم ئەیبینم، بۆیە وتم نەخێر ئێوە هەڵەن ئەمە ماڵپەری فەرمی حکومەتی کینیایە، ئەمە وەزارەتی تەندرووستیانە، ئەمە ئیمیگرەیشنیانە هەمان دۆمەینن و سەلماندم کەوا من راستم و ئەوان هەڵەن، ئەوەبوو بە ٣ کارمەندەوە لەماوەی تەنها (٥) خولەک هەموو شتیان پێدامەوە و کەسێک لەگەڵم هات بۆ ناو فرۆکەکە تاوەکو بە فرۆکەکەدا بگەم کە سەرجەم سەرنشینان سواری فرۆکەکە بوو بوون. بۆیە ئاگاداری ئەو خاڵە بن چونکە خەلکی سەردانی ئەفریقا ناکات لە کوردستان و زانیاریان نییە، دەکرێت ئێوەش توشی هەمان کێشە بن، ئەگەر زیرەکی خۆم نەبووایە هەرگیز نەدەچووم.

 

گەیشتن بە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی جۆمۆکینیاتە

ئێمەی کورد مێژوویەکمان لەگەڵ ئەم فرۆکەخانەیە هەیە، هەمان ئەو فرۆکەخانەیەیە کە دەزگای هەواڵگری تورکی و ئەمریکی و ئیسرائیلی عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستانیان تێدا دەستگیرکرد. کاتێک دەگەیتە فرۆکەخانە راستەوخۆ ئەو مێژووەت دێتە بەرچاو. لەوێدا ئەوانەی ڤیزای ئۆنلاینیان هەیە، کارمەندێک دەتنێرێتە ژوورێک و سکانێکی ڤیزا ئۆنلاینەکەت دەکات و مۆرێک لە ڤیزاکەت دەدات و دەلێت بەخێربێی بۆ کینیا و برۆ مۆری چوونەژوورەوەی لێبدە. لەوێدا بەوپەری رێزەوە پێت دەلێت بەخێر بێیت بۆ کینیا.

کە لە فرۆکەخانە دەردەچیت، چەندین تەکسی و هۆکاری گواستنەوە چاوەرێت دەکات. تەکسی لەوێ هێندە گران نییە، بەڵام باشتر وایە ئوبەر داونلۆد بکەن و لەرێگەی ئوبەرەوە برۆن تاوەکو فێڵتان لێنەکرێت. من هەر لە فرۆکەخانە سیمکارتێکم کری نرخەکەی (٢٥) دۆلار بوو، بەڵام لە راستیدا تەنها ٢ دۆلارە لە دەرەوە و بە پاکێجی ئینتەرنێتەوە ناگاتە ١٥ دۆلار ئەگەر لەنایرۆبی بیکری. بەڵام پێویستە بۆ ئەوەی بتوانی بە ئوبەر بچیتە ناو شار.

 


گەیشتن بە نایرۆبی

هەر کە لە فرۆکەخانە دەردەچیت، ئیتر وێنەی ئاژەڵی کێوی دەبینی و ولاتەکە بە سافاری و ئاژەڵ بەناوبانگە و سەرجەم ئەو شتانەی کەوا لە ناشناڵ جیۆگرافی دەیبینی، لەوێدا بە چاوی خۆت ئەیبینی. لەسەر شەقامەکان دەبینی ولاتەکە سەرقالی درووستکردنی پرد و شەقام و باڵەخانەیە و کۆمپانیا چینیەکان لە هەموو شوێنێکدا دەبینی. ناوچەکانی کیلیمانی و وێستلاند باشترین ناوچەن بۆ گەشتیاران. بەڵآم ئاگاداربن ئەگەر لە شەودا گەیشتن بەهیچ شێوەیەک نەچنە شوێنێک کەوا چۆڵە چونکە شوێنە سەلامەت نییە و دەکرێت دزیتان لێبکرێت. بۆیە تاوەکو رۆژ دەبێتەوە لە هۆتێلدا بمێننەوە.

 


ئاگاداری چی بم لە کینیا

بیرمە لە بارێک دانیشتبووم، بەرێزێک هات و وتی دەزانی چی، وتم چی وتی مۆبایلەکەت بشارەوە! وتم بۆچی؟ وتی ئێمە هەموو شتێک دەدزین، بۆیە دوواتر گلەیمان لێمەکە، منیش بە پێکەنینێکەوە وتم سوپاس. بەهەمان شێوە لەنێو تەکسی جامەکان کرابوونەوە وێنەم دەگرت، شوفێرەکە وتی مۆبایلت هەڵگرە دەیدزن! وتم بەڵام لەناو تەکسیم! وتی جا چیە باشتر بۆ دزەکان. بۆیە منیش بریارمدا زیاتر وریابم و شتەکانم بەجۆرێک بشارمەوە کەوا نەدزرێت و نەدزرێم.

بەرێزان کە گەیشتمە نایرۆبی رۆژ بوو، محازەرەی ئۆنلاینم هەبوو هی پێداگۆجی، لەرێگەی Airbnb لە مالێکدا ژورێکم گرتبوو و لەگەڵ ماڵەکەدا دەمامەوە ٢ ژن و پیاوێک بوون. لە دووای محازەرە چوومە دەرەوە، کە هاتمەوە وتیان لە کوێ بووی وتم چوومە فلانە شوێن، وتیان تۆ شێتی، وتم بۆ وتیان چۆنە ماوی.

تەبعەن چیرۆکی دزی لە هەموو شوێنێک گوێبیستی دەبیت لە کینیا، بەڵام من چێژم لەو شتانە دەبینی، چونکە بە بۆ من خۆخستنە مەترسیەوە چێژ بەخشە، بەڵام تۆ وەکو من مەکە.

کە سەیری دووکانەکانت دەکرد، هەموو بە شیش بەربەستی بۆ درووستکرابوو لە ناو دووکانەکانیش چەند شتێکی کەمی تێدابوو کە هەر بایی ٢٠٠ دۆلارێک دەبوو، رێک ئەتووت ئاسایشی بەندیخانەکانە، وتم بۆچی ئەم شیشانە، وتیان ئەی دز! هههه ئیتر چاوەرێ بووم دزیم لێبکرێت. خۆشبەختانە لە نایرۆبی پایتەخت دزیم لێنەکرا تاوەکو چوومە کەناراوەکانی دیانی لە سەر سنوری تەنزانیا.

بۆ ئەوەی کۆتایی بە چیرۆکەکانی دزی بهێنم، لە دوواین رۆژەکانم بووم لە دیانی، بەیانیەک هاورێیەکی ئەڵمانیم ناسیبوو چونکە زۆر لەوێ مابوومەوە، ئیتر وتی نەبەز دزیم لێکراوە وتم چۆن، وتی با قاسەکانیان شکاندووە کامێرا و ئایپاد و چەندین کەلوپەلی گرانبەهایان دزیوە، ئەگەر باش لەبیرم مابێت، نزیکەی ٧ بۆ ٨ هەزار دۆلار بوو بەهاکەی. ئیتر منیش وەکو وتم چێژم لە دۆخەکە دەبینی، چووین بۆ بنکەی پۆلیس سکالامان کرد، ئیتر زۆر خۆشبوو بە ئۆتۆمبێلی پۆلیس هاتینەوە بۆ شوێنەکەمان و لەوێدا تەماشای کامێرای چاودێریمان کرد و بینیمان ٢ کەس قاسەکە دەشکێنن.

سەیرترین شت ئەوە بوو پۆلیسەکان وتیان دەبێت پارەمان بدەنێ بۆ ئەوەی یارمەتیتان بدەین، ئەوەبوو ٢٠٠ دۆلاریدا بۆ ئەوەی هاوکاری بکەن، کە هەرگیز نەیان کرد، دوواتر هەمان روودا و هەمان کەسەکان لە ٣ هۆتێلی ئەو ناوچەیە حالەتەکەیان دووبارە کردبووەوە، تا لە کۆتاییدا نازنامەکانیان دەستنیشانکرا کە خەلکی یۆگەندا بوون، بەڵام کەس نەیوت مالتان لە کوێیە. بە پۆلیسمان وت، وتیان دەیبەنە بازارێک لە نایرۆبی و مۆمباساش هەمان بازار هەیە کەلوپەلی دزی دەفرۆشرێت. وتمان دەچین، ئەوەی لەوێ بوو ئامۆژگاریان کردین نەکەین چونکە تەنانەت پۆلیسیش ناتوانێت بچێتە ئەو شوێنە و ئەوەی لەبەریشماندایە رووتمان دەکەنەوە و خۆشمان دەدزن. بەراستی بۆ من هەموو ئەمانە چێژ بەخش بوو ئەتوت ٥٠ ساڵە لەو ولاتە ئەژیم.

 


ئاگاداری چیتر بم

کاتێک لە بارێک یان شوێنێکی گەشتیاری دادەنیشی، ئەگەر پیاو بیت، کچێک یان ژنێک لێت نزیک دەبێتەوە و دووای قسەکردن داوای پارەت لێدەکات و پارەت پێ خەرج دەکات، بۆیە تکایە ئاگاداربن بە رووی کەسدا پێنەکەنن چونکە تێچووی هەیە. بەهۆی شارەزاییم لە ولاتان من دووچاری ئەم حالەتە نەبووم.

جگە لەمەش بەهیچ شێوەیەک وێنەی شوێنە گشتیەکان مەگرن بەتایبەت لە هێلی شەمەندەفەر و شوێنێک کە پۆلیسی لێبێت. بیرمە لە هێلی شەمەندەفەر سێلفیەکم گرت، پۆلیسێک هات وتی دەستگیرت ئەکەم وتم بۆچی، وتی وێنەت گرتووە، وتم فەرمی رەشی بکەوە، وتی نەخێر نایکەم، چییە دەترسێی، باشە با رێکبکەوین، وتم چۆن، وتی تۆ برێک پارەم بدەیە، حەز دەکەیت تا دەرۆیت وێنە بگرە من پارێزگاریت لێدەکەم، وتم نا نا ببورە وێنەکان لابە، وتی نا نا وەکو پیاو با قسە بکەین، تۆ پارەم بدەیە، بیری لێبکەوە منیش دەتپارێزم. ئەم حالەتە گشتیە بۆیە ئاگادار بن.

 

ئایا هەموو شتەکان نەرێنین لە کینیا

بێگومان نەخێر، کینیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە دەتوانی چێژی لێوەربگریت و جیاوازترین کاتەکانی ژیانت ئەزموون بکەیت. بۆ من چێژم لە چرکە بە چرکەی ئەم وڵاتە وەرگرت. خەڵێکی کراوە و گەشیان هەیە، چەند هاورێیەکم تاوەکو ئێستا لەوێدا هەیە، کاتێک کە دەبیت بە هاورێیان زۆر دلسۆن و تەنانەت بانگهێشتت دەکەن و خواردن و خواردنەوەشت بۆ دەکرن هێندە دلیان باشە.

سەرەرای ئەمانەش چەندین شوێنی گەشتیاریان هەیە کە بۆ من زیاتر لە ئەوروپا چێژ بەخشتر بوو، ئەگەر هەریەکە لە تایلەند و فلیپین و چیک لابەم، کینیا خۆشترین وڵات بووە گەشتم بۆی کردبێت.


شوێنە گەشتیاریەکان کوێن و سەردانی کوێ بکەم

فیلە بێلانەکان و سەنتەری زەرافە

لەم شوێنە دەتوانن خواردن بدەنە فیلەکان و زەرافەکان و لە نزیکەوە دەستیان لێبدەن و کاتێکی خۆشیان لەگەڵ بەسەر بەرن. چەندین پاکێج بەردەستە و لە هۆتێل هەڵتدەگرن و دوواتر دەتگەرێننەوە و نرخەکەشی تەنها (٩٥ دۆلارە). بۆ ئەم گەشتە پیویستت بەوەیە رۆژێکی بۆ تەرخان بکەیت.

 


سافاری لە پارکی نیشتیمانی نایرۆبی

پارکی نیشتیمانی نایرۆبی لەرێگەی نێوان فرۆکەخانە و نایرۆبییە و دەکەوێتە تەنیش شار و لەهەندێک شوێندا بە روونی دەبینرێت. بەیەکێک لە ناوازەترین پارکە نیشتیمیانەکان دادەنرێت. لێرەدا پاکێجی گەشتیاری بەردەستە و گەشتیار دەتوانێت بە کەمتر لە ٧٠ دۆلار سەردانی بکات و فیل و کەری کێوی و شێر و راینۆ زەرافە و چەندین گیانداری تر ببینیت، ئەگەر بەختت هەبێت دەبینی شێر ئاژەلی تر دەخوات. بۆ ئەم گەشتەش رۆژێکت دەوێت.

 


ماسای مارا

ماسای مارا دەکەوێتە باشری رۆژاوای کینیا و لە نزیک سنورەکانی تەنزانیا، باشترە بچیتە مۆمباسا و لەوێوە سەردانی بکەیت. ماسا مارا ماڵی سەدان هەزار ئاژەلێ کێویەو لەوێدا ئەو دیمەنانەی کەوا لە ناشناڵ جیۆگرافی دەیبینن، باچاوی خۆتان و لە راستیدا بەرچاوتان دەکەوێت. گەشتی سافاری بەردەستە و لەنێو پارکەکەدا لەژێر خێوەتدا لەنێو دارستانەکاندا دەمێننەوە و لە ٣٠٠ دۆلارەوە دەستپێدەکات بە پێی گەشتەکەتان. ئەم شوێنە بەراستی هەستێکی جیاوازت پێدەبەخشیت لە ترس و ئاڵەنگاری و ئازایەتی. هۆزی ماسای لە کینیا زۆر بەناوبانگن هەر خەلکی ئەو ناوچەیەن، بەوە ناسراون کە دەتوانن شێریش بکوژن، بۆیە دەبینی بە جلوبەرگی جیاواز و بە دارێکەوە دەسورێنەوەوە کە ئاماژەی هۆزەکەیانە و بە خەڵکی ئازا و چاونەترس دەناسرێن. لێرەدا چەندین ئاژەلی کێوی دەبینیت و دەبینیت چۆن یەکتری دەخۆن و ژیانی سروشت بەچاوی خۆت ئەزموون دەکەیت.


 پارکی نیشتیمانی ئەمبۆسێلی

ئەمبۆسێلی دەکەوێتە باشوری وڵاتەکە و نزیکە لە چیای کیلیمانجارۆ بە فیل بەناوبانگە. جگە لە فیل زەرافە و بەور و کەری کێوی و دەیان جۆری باڵندەی جیاواز و ئاژەلی کێوی تر. دیمەنێکی سروشتی ئێجگار دلرفێنە بەتایبەت کاتێک فیل و چیای کەلیمانجارۆ تێکەڵ بە دیمەنەکان دەبن.

 


ماونت کینیا

بەشی باکوری کینیا ناوچەی شاخاویە و دیمەنەکانی نزیکە لە کوردستان. ئەوەی ماونت کینیا لە کوردستان جیادەکاتەوە ئەوەیە لەوێدا کێڵگەی قاوە و چای هەیە، کینیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە ریزبەندی پێشەوەی هەناردەی قاوە و چای دادەنرێت، لە ماونت کینیا سەرارای ئاشنابوون بە کلتوری ناوچەکە و بینینی چەندین ئاژەڵی جیاواز و کێوی و دیمەنی دلرفێنی ماونت کینیا، ئاشنا دەبیت بە کێڵگەی قاوە و چای. پێویستت بە لانیکە ٤ رۆژ هەیە تاوەکو چێژ لەو ناوچەیە ببینیت.

 


مۆمباسا

مۆمباسا دووای نایرۆبی بە دووەم گەورەترین شاری کینیا دادەنرێت، من زۆربەی کاتەکانم لەم ناوچەیە بەسەر برد، هەرچەندە کەشوهەواکەی گەرمترە بەهۆی نزیکی زۆری شێ کە کەوتووەتە سەر زەریای هیندی، بەڵام دیمەنەکان لێرە جوانترن و ئاسانتر دەگەیت بە ناوچە گەشتیاریەکان. بەهەمان شێوەی نایرۆبی، مۆمباسا زۆر سەلامەت نییە و رێژەیەکی زۆر موسلمانی تێدا دەژی، بەڵام تاوەکو بلییت شارێکی جوان و دلرفێنە و چەندین مۆڵی تێدایە. دەتوانی سەردانی فۆرت جێسوس بکەیت کە شوێنەوارێکی مێژووییە و لەلایەن پرتوگالیەکانەوە لە ساڵی ١٥٩٣ بنیادنراوە. شارەکە جگە لە پرتوگالیەکان کاریگەری کلتوری یەمەنیشی لەسەرە چونکە سەردامانێک فەرمانرەوایی ئەم شوێنەیان کردووە، هەر بۆیە ژمارەیەکی زۆر موسلمان لەم شارەدا دەژین.

ئەگەر حەز بە سنۆکلینگ و ژێر ئاو دەکەیت، پارکی نیشتیمانی ژێردەریایی مۆمباسا ئەم بژاردەیەت پێشکەش دەکات و دەتوانی بچێتە ژێردەریا و گیانداری ژێر دەریاکان ببینی.

ئەوانەی حەز بە بینینی شوێنەواری مێژوویی دەکەن، مۆمباسا چەندین گەرەکی کۆنی مێژوویی تێدایە بەتایبەت مۆمباسا ئۆڵد تاون کە بەتەواوەتی پاشماوە و کاریگەری داگیرکەرە پرتوگالیەکان بەم شوێنەوە دیارە و تەنانەت هەندێک لە دانیشتوانی ئۆلد تاون عەرەب و هیندی و ئەوروپی و ئاسیایین. هەر لە مۆمباسا دەتوانی سەردانی ئەم شوێنە گەشتیاریانە بکەیت:

 


1-   کەناراوەکانی دیانی

کاتژمێریك لە مۆمباساوە دوورە و من دوو هەفتە لەم شوێنەدا ماومەتەوە و بە یەکێک لە ئارامترین و دلرفێنترین کەناراوەکانی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێت. ئاوەکەی پاقژە و چەندین شوێنی گەشتیاری و هۆتێل و شوێنی حەوانە و بار و چێشتخانەی تێدایە. گەشتیار دەتوانێت بە پاس بگاتە ئێرە لە مۆمباساوە و ئیتر چێژ ببینێت لە هەموو چرکەکان. لە دیانی جگە لە خزمەتگوزاریە گەشتیاریەکان و کەنار دەریا، دارستانیشی لێیە و کێلگەی کشتوکاڵی دەبینی. شوێنێکی پاقژ و ئارام و چێژ بەخشە و تێکەڵ بەسروشتت دەکات. نرخی هۆتێلیش لێرەدا هێندە گران نییە. پێشنیاری ئەم شوێنە بۆ هەر گەشتیارێک دەکەم.

 






سەنتەری گوندی مامبا

ئەم شوێنە دەکەوێتە دەرەوەی مۆمباسا و شوێنێکی گەشتیاریە کە لەوێدا ئاشنای تیمساح دەبیت. کێلگەی بەخێوکردنی تیمساحی لێیە و هۆتێل و شوێنی حەوانەوەی تێدایە. لەم شوێنە (٢) رۆژ ماومەتەوە و ئەوەندە کاتە بەسە و دەتوانی ئاشنای دیمەنی تیمساحەکان ببیت.

 


کەناراوەکانی نیالی و بەمبوری

هەر لە پاڵ مۆمباساوە دەتوانیت ئاشنای کەناراوەکانی نیالی و بەمبوری ببیت. من خۆم دیانیم لەلا خۆشتر بوو، بەڵآم ئەگەر دەخوازی لە هۆتێلی پێنج ئەستێرەیی بمێنیتەوە و خزمەت بکرێیت نیالی چەندی هۆتێلی تێدایە کە دەتباتە دوونیایەکی تر، دوواتر دەتوانی بە حوشتر بەسەر کەناراوەکانی نیالی گەشت بکەیت و چێژ وەربگریت.

 



ژیانی شەوانەی کینیا

ئەو کەسانەی کە خوازیاری ژیانی شەوانەن، لە هەر یەکە لە نایرۆبی و مۆمباسا و دیانی و نیالی دەتوانن چێژ وەربگرن و چەندین یانەی شەوانە هەیە و دەتوانی لەگەڵ کینیەکان سەما بکەیت و گۆرانی بلێیت. بەڵآم ئاگاداری گیرفانەکانتان بن و هەمیشە بیرتان نەچێت پارێز بەکابهێنن چونکە رێژەی ئەو کەسانەی ڤایرۆسی ئایدزیان هەیە زۆرن، بۆیە نابێت هیچ کات بەبێ پارێز لە هیچ کەسێک نزیک بیتەوە.

 


خواردن و خواردنەوە

سەرجەم خواردنە رۆژاواییەکان بەردەستە و براندە جیهانیەکان لەوێدا هەیە. دەتوانی لەرێگەی ئوبەریشەوە داوای خواردن بکەیت. بە گشتی گەشتیار کێشەی خواردنی بۆ درووست نابێت. بۆ ژەمێکی خواردن پیویستت بە لانیکەم (١٠) دۆلار دەبێت، ئیتر دەکرێت زیاتر بێت بەڵام کەمتر نییە و خواردن کەمێک لە کوردستان گرانترە، بەڵام خواردنەوە بەهەمان شێوەی کوردستانە و نرخەکان گونجاون.

 

نرخی هۆتێل

هۆتێل دەوەستێتە سەر کەسەکە، بەڵام بە گشتی ئەگەر لە هۆتێلێکی (٣) ئەستێرەیی بمێنیتەوە و کە شیاوی مانەوە بێت بۆ دوو کەس (٤٠ دۆلار) دەبێت. هۆتێل لە کینیا بە بەراورد بە کوردستان هەرزانترە.

 

گواستنەوە

باشتر وایە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر ئوبەر بەکاربهێنیت، من خۆم تاکسی ماتۆرم دەگرت کە هەرزانترین و خێراترین بوو، جگە لەمانەش پاسی کەیە بەردەستە و تەکسی و شەمەندەفەر هەیە. نرخەکان بەپێی جۆری هۆکاری گواستنەوە دەگۆرێت. لە نایرۆبی باشتر ماتۆر و ئوبەر، لە دیانی باشتر وایە توک توک بەکابهێنێت، لە نایرۆبی بۆ مۆمباسا کە (٤) کاتژمێر دەخایەنێت و بەنێو پارکە نیشتیمانیەکاندا تێدەپەرێت، باشترە شەمەندەفەر بەکابهێنیت.

 



چ شتێک فێربووی لە کینیا

بۆم دەرکەوت کەوا ئەفریقا گەرم نییە بەڵکو ساردە، بیابان نییە بەڵکو دارساتن و دەریا و دەریاچەی زۆرن، بۆم دەرکەوت کە خەڵکی ئەفریقا هەژار نین، بەڵکو دەوڵەمەندیان ئێجگار زۆرە بەڵام سیستەمی سیاسی و وڵاتانی زلهێز خەلکیان هەژار کردووە، بۆم دەرکەوت کە شارەکانیان لە زۆرێک لە ولاتانی ئاسیایی و رۆژەهەڵاتی ناوەراست بە کوردستان و ئێراق و ئێرانەوە پێشکەوتووترە، بۆم دەرکەوت کە سەرەرای ئەو دزی و گەندەڵیەی کە هەیە، خەڵکی پێداویستیە سەرەکیەکانیان بەردەستە و زۆر رۆشنبیرن تەنانەت لە میوانداری و گەشتیاری هێندە پێشکەوتووترن لە ئێمە کە بەراورد ناکرێن.

 

بۆ ١٠ رۆژ مانەوەم چەند پارەم پێویستە

١٥٠٠ دۆلار بەسە بۆ ئەوەی گەشتێکی ئاسایی بکەیت و ماوەی ١٠ رۆژ لە کینیا بمێنیتەوە. بەڵام بۆ گەشتێکی شاهانە زیاترت دەوێت و دەکرێت ئەگەر رەزیلیش بیت و سافاری نەکەیت و نەخۆیتەوە بە ١١٥٠ دۆلار دەربچیت.

 

ئایا پێشنیار دەکەیت کە سەردانی کینیا بکەم

سەد لە سەد بەڵام ئاگاداری تەندرووستیتبە لە مەلاریا و ئایدز و ئاگاداری گیرفانتبە لە گیرفانبر و پۆلیس، برۆ گەشت بکە و چێژ ببینە.

 

چەند زانیاریەکی تر دەربارەی کینیا

ژمارەی دانیشتوان: 53.7 مللیۆن

ئاین: ٨٥٪ مەسیحی؛ ١٢٪ موسڵمان

زمان: سەواحیلی بەڵام کینیەکان ئینگلیزی دەزانن و زیاتر لە ٦٠ زمانی جیاوازی تێدایە، هەر هۆزێک و زمانێکی جیاوازی هەیە

دراو: شیلینگی کینی

ژمارەی پارکە نیشتیمیانیەکان کە پرن لە ئاژەڵی کێوی: ٥٠ پارک

ماونت کینیا دووەم گەورەترین چیایە لە ئەفریقا

گورەترین ناردەنی کینیا قاوەیە بۆ دەرەوەی ولات

کێ خەڵکی کینیایە: باراک ئۆباما سەرۆکی پێشوتری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرەچەڵەک خەڵکی کینیایە

کینیا بەچی بەناوبانگە: کینیا خاوەنی بەناوبانگترین گەشتی سافاری و پارکی نیشتیمانییە کە بێهاوتایە لە جیهاندا

 

Monday, August 15, 2022

رێبەری گەشتیار بۆ فلیپین

فلیپین دەکەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا و دانیشتوانەکەی ١١٠ ملیۆن کەس دەبێت و یەکێکە لە وڵاتە جوانەکانی دوونیا بۆ گەشتکردن.



چۆن سەردانی فلیپین بکەم

هەنگاوی یەکەم: وەرگرتنی ڤیزای فلیپین

چۆن بتوانم ڤیزای فلیپین وەربگرم

وەڵام: بۆ وەرگرتنی ڤیزای فلیپین ئەم بەڵگەنامانەت پیویستە

1-   کۆپی پاسپۆرت (دەبێت ٦ مانگ زیاتری مابێت بۆ بەسەرچوونی)

2-   ٢ وێنە باکگراوندی سپی

3-   کارتی ڤاکسین

4-   پشتگیری کار

5-   وێنەی هەژماری بانکی و ئەو مامەڵانەی کە لەرێگەیەوە کردووتە (بانک ستەیتمێنت)

6-   بەڵگەنامەی پۆلیس کە تۆ هیچ تاوانێکت نەکردووە (لە هەولێر دەکرێت بەرامبەر لەنگە شەقامی ١٠٠ مەتری و ماوەی رۆژێکی دەوێت)

7-   ٤٠ دۆلار تێچووی ڤیزا

دووای ئەوەی سەرجەم ئەم بەڵگەنامانەت ئامادەکرد پێویستە فۆرمی ئۆنلاین پربکەیتەوە بۆ وەرگرتنی ڤیزای فلیپین لەرێگەی ئەم ماڵپەرەوە: https://www.visa.gov.ph/ و جۆری ڤیزاکە بکە لێژەر و تۆریزم و دووای تەواوکردنی فۆرمەکە داونلۆدی بکەیت و ئیمزای بکەیت و دوواتر لەرێگەی ئیمەیلێکەوە سەرجەم ئەو پێداویستیانەی لای سەرەوە لەگەڵ فۆرمی ئیمزاکراو بینێریت بۆ: embaphilbaghdad.visas@gmail.com, baghdad.pe@dfa.gov.ph

 

لە ماوەیەکی کورتدا کەسێک لە بالێۆزخانەی فلیپین پەیوەندیت پێوە دەکات، دەتوانی داوای ئەوە بکەیت کەوا چاوپێکەوتنت لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەیت ئەگەر پەلەت نەبێت، عادەتەن مانگانە سەردانی ئەو شارە دەکەن و دەتوانی بیانبینی. ئەگەر پەلەشت بێت ئەوا لە بەغدا دەتوانی چاوپێکەوتن بکەیت.

ئەگەر چوویت بۆ بەغدا لە ناوچەی جادریەیە بالیۆزخانەیان لە تەنیشنت بانکی ناوەندی عێراقی کە نوێ درووست دەکرێت و بە ١٠ هەزار لە گەراجی پاسەکانی نەهزەوە دەچێت بۆ ئەو شوێنە.

چاوپێکەوتنەکە چەند پرسیارێکت لێدەکات و بەپێی کەسەکە وەستاوە بۆ نمونە چاوپێکەوتنی من تەنها (٢) خولەکی خایاند چونکە پێشینەی سەفەرم زۆرە.

دووای ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەماوەی ٣ – ١٠ رۆژ ڤیزاکەت تەواو دەبێت. من بە (٣) رۆژ وەرمگرت، هەر کەسێک دەتوانێت پاسپۆرتەکەت بۆ وەربگرێتەوە دەتوانی لەرێگەی تەکسیەوە بە ٢٥ هەزار بۆت بهێننەوە، بەڵام دەبێت نامەیەک بنوسی بیدەیتە تەکسیەکە و ئیمەیڵی قونسڵخانەی بکەیت کەوا کەسێک لە جیاتیت پاسپۆرتت وەردەگرێتەوە.

 

دووای وەرگرتنی ڤیزا چۆن بچم بۆ فلیپین و نرخی تکتی فرۆکە چۆنە:

بەهۆی پەتای کۆرۆنا لە ئێستادا نرخی فرۆکە بۆ سەرجەم ولاتان بەتایبەت ئەو وڵاتانەی دوورن گرانە، بۆیە ئەگەر لە هەولیرەوە بتەوێت بچیت بۆ مانێلا نزیکەی ١٥٠٠ دۆلارە نرخی تکتی ئیکۆنۆمی و ترانزێتت دەکرێت لە قەتەر، ئیستەنبول یان ئیمارات بێت. بەگشتی ١٢ کاتژمێر لەناو فرۆکە بە ئاسمانەوە دەبیت بەبێ ترانزێت.

 

ئەی رێگای هەرزانتر هەیە تاوەکو بەگەمە فلیپین:

بەلێ – گەشتیار دەتوانێت لە جیاتی ئەوەی راستەوخۆ بێت بۆ مانێلا کە پایتەختی فلیپینە، سەرەتا بچێت بۆ مالیزیا لەوێ چەند رۆژێک بمێنێتەوە و نرخی تکتی فرۆکە هەرزانترە، لە کاتی ئێستادا بەهۆی ئەوەی وەرزی گەشتکردنە گرانە لە ٧٥٠ دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو ١٤٠٠ دۆلار بەپێی هێلی فرۆکەوانییە. لە کاتی ئاسایی نرخی تکت تەنها ٦٠٠ بۆ ٩٠٠ دۆلارە.

دوواتر لەرێگەی مالیزیاوە بە هێڵی سیبۆ پاسیفیک یاخود ئەیر ئەیژا تکتی دووسەرە ببری تەنها بە ١٨٠ دۆلار چون و هاتنەوە بۆ مالیزیا (تەنها ٣ کاتژمێر و نیو لە مالیزیاوە دوورە)

 

چەند رۆژم پێویستە تاوەکو تەواوی فلیپین ببینم

بۆ بینینی تەواوی فلیپین زیاتر لە مانگێکت پێویستە بەڵام بۆ ئەوەی گەشتەکەت کورتر بکەیتەوە دەتوانی هۆکاری گەشتەکەت دەستنیشان بکەیت و بزانی بۆچی دەچیت بۆ فلیپین کە دەکرێت پۆلێنی بکەین بۆ ئەم مەبەستانەی لای خوارەوە:

گەشتی سروشت – دوورگەکانی پالەوان

فلیپین خاوەنی یەکێک لە جوانترین دوورگەکانە لە دوونیادا و جوانترین کەناری دەریای هەیە لە جیهاندا کە بە کەناراوەکانی پاڵەوان ناسراوە و بۆ گەیشتن بەم شوێنە پیویستە لە مانێلای پایتەختەوە بە فرۆکە بۆی بچیت و نزیکەی ١٥٠ دۆلارە چون و هاتن. لە دوورگەکەدا ئەوەی لە وێنە و خەیاڵەکانتدا بینیوتە لەوێدا بە راستی دەیبینیت و بۆ خێزانەکان دەشێت و ئەوانەی کەوا سینگلیش دەچن بەهەمان شێوە دەتوانن کاتێکی شاهانەیان هەبێت و سەرجەم پێداویستیەکانی گەشتیاران دابینکراوە و گەشتیار تێکەڵ بە سروشت دەبێت. بەهۆی جوانیەکەوەی ئەم دووگەیە بەشێک لە زنجیرەی تاڵانی پارە لێرەدا وێنەی گیراوە.

 


 لاگونا – سان پابلۆ

سان پابلۆ شارێکە دەکەوێتە دەرەوەی مانێلا و لەرێگەی پاسەوە دەتوانرێت لە ماوەی (٣) کاتژمێر لەرێگەی وشکانیەوە بگەیت پێی. ئەو شارە بە ٧ دەریاچەکە ناسراوە. ئەو کەسانەی کە خولیای کاتێکی شاهانەن بەبێ مۆبایل و ئامێرەکانی پەیوەندی، دەتوانن سەردانی ئەم شوێنە بکەن و لەگەڵ سروشتدا بۆ ماوەی چەند رۆژێک بمێننەوە.

دەریاچەکان ئەمانەی لای خوارەوەن

1-    دەریاچەی بونۆت

2-    دەریاچاەی کالیباتۆ

3-    دەریاچە دووانەکەی یامبۆ و پاندین

4-    دەیاچەی پالاکپاکین

5-    دەیاچەی موهیکاپ

6-    دەریاچەی سامپالۆک

 





بۆراکای

بۆراکای دەکەوێتە باشوری فلیپین و دەتوانرێت لەرێگەی فرۆکەوە بۆی بچیت و نرخی پلیتی فرۆکە ١٥٠ دۆلارە چون و هاتن، لێرەدا ئاشنا دەبیت بە کەنارە دەریاییەکانی بۆراکای و کەناری دەریای سپی کە ئاوەکەی زۆر روونە و یەکێکە لە کەنار دەریا نایابەکان لە دوونیادا.

 


 

مایۆن ڤۆلکەینۆ لە ئەلبای

ئەوانەی کەوا حەزیان لە بینینی بورکانەکانە و بیانەوێ لە نزیکەوە گرکان ببینن دەتوانن سەردانی ئەم شوێنە بکەن کە بە پاس نزیکەی ١٠ کاتژمێر دەبێت لە مانێلاوە. ئەم چیایە بە بەردەوامی دەکولێت و دیمەنێکی ئێجگار دلرفێنی هەیە.

 


 چۆکۆلەیت هیڵس، بۆهۆل

زیاتر لە ١٢٠٠ گردی لێیە و یەکێکە لە ناوچە گەشتیاریە بەناوبانگەکانی فلیپین. بۆ ئەوەی بگەیت بە بۆهۆل دەتوانیت سەرەتا بە فرۆکە بچیت بۆ سیبۆ و لەوێشەوە لەرێگەی کەشتیەوە بچیت بۆ بیهۆل ئەمە هەرزانترین رێگەیە کە تێچووەکەی ١٣٠ دۆلار چون و هاتن دەبێت. یەکێکە لە شوێنەوارەکانی یونسکۆ و تەواوی ناوچەکە شاخە و بەرزاییە.

 


 دیمەنی کشتوکاڵ و کێڵگەکانی چاندنی برنج لە باناو

ئەگەر خوازیاری گرتنی وێنەی لەگەڵ سروشتدا و بینینی کێلگەی برنج و خانوو لەسەر ستایڵی کۆن و کشتوکاڵی کلاسیکی کە سەردەمی هەندێکیان بۆ ٢٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەرێتەوە باناو ئەم دەرفەتەت پێدەبەخشێت. بۆ گەیشتن بە باناو، دەتوانی بە پاس لەماوەی ٦ کاتژمێردا بگەیت و نرخی تکتی پاس تەنها ١٠ دۆلارە.

 


 تاگایتای

لەم شوێنە پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و وەکو بەهاری کوردستان وایە. گەشتیار دەتوانێت لە بەرزاییەکانی تاگای تای دیمەنی دلرفێنی دەریاچە و گرکانەکان و بەرزاییەکان ببینێت و دەشتوانێت لەرێگەی بەلەمەوە نزیک بێتەوە لە گرکانەکان. ئەم شوێنە نزیکە لە مانێلای پایتەخت و تەنها کاتژمێرێک لە پایتەختەوە دوورە. 

ئەوانەی حەز بە شار و بینای جوان دەکەن

شاری مانێلا ئەم بژاردەیەت پێدەبەخشێت و ئەگەر خوازیاری بینینی بینای بەرز و پێشکەوتووی، لە ناوچەی ماکاتێ هۆتێلەکەت حیجز بکە بەتایبەتی لەوێدا چەندی هۆتێل و براندی بەناوبانگی جیهانی لێیە و شەقامێکیشی لێیە کە تایبەتە بە ژیانی شەوانە و ئەگەر حەز بە سەما و خواردنەوە دەکەیت لە ماکاتێ ئەڤێنیو هۆتێلەکەت حیجز بکە.

 

بۆ بینینی شوێنەواری مێژوویی گەشتیار دەتوانێت سەردانی ئینترامۆرۆس بکەن لەوێدا شوێنەواری مێژووی سەردەمی ١٦٠٠ – ١٨٠٠ زاینی دەبینن کە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی داگیرکاری ئیسپانیەکان و شوێنەکەش لەسەر هەمان ستایلی ئیسپانیەکان درووستکراوە، بەتایبەت لەوێدا شوێنێک هەیە بەناوی سانتیاگۆ کە نابێت گەشتیارێک سەردانی فلیپین بکات و سەردانی ئەم شوێنە نەکات. لانیکەم ٤ کاتژمێرت پێویستە بۆ ئێرە و چوونە ژوورەوە (١ دۆلارە).

کەنیسەی کویپۆش یەکێکە لە شوێنە گەشتیاریە مێژوویەکانی شاری مانێلا کە دەکەوێتە پلازا میراندا و بەهەمان شێوە کەنیسەی سا ئۆگوستن کە یەکێکە لە شوێنەوارەکانی یونسکۆ و هەر دەکەوێتە ناوچەی ئینرامۆرۆس.

 

ریزال پارک

لەوێدا دەتوانن ئاشنای یەکێک لە پارکە دلرفێنەکانی ولاتەکە بن کە بەناوی پاڵەوانەی نیشتیمانی فلیپین خوزی ریزالەوەیە کە لەلایەن ئیسپانیەکانەوە گولەباران دەکرێت و پەیکەرێکی زۆر جوانیان لەهەمان شوێنی گولەبارانکردنی درووستکردووە و پێویستە گەشتیار ئەم شوێنە ببینێت.



رابواردن و ژیانی شەوانە

ئەوانەی کەوا خوازیاری ژیانی شەوانە و رابواردنن دەتوانن هۆتێلەکانیان لە ناوچەی مەلاتێ بگرن کە پرە لە بار و یانەی شەوانە و دەتوانن کاتێکی تایبەت لەوێدا بەسەربەرن و نرخەکان زۆر گەنجاون و گەشتیار پێویست بە هیچ ترسێک ناکات پێچەوانەی وڵاتانی تر کە زیاتر لەو شوێنانە نرخی خواردنەوەکان بەرزە.

 


بازارکردن

بۆ بازارکردن چەند بژاردەیەکی هەیە گەشتیار، لە شاری مانێلا دوو مۆڵی بەناوبانگ و مەزن هەن کە بریتین لە مۆڵ ئۆف ئەیژا و رۆبنسن. گەشتیار دەتوانێت بۆ هەر یەکێکیان ٦ کاتژمێر دابنێت ئەگەر خوازیاری کرینی جل و بەرگ و بازاریکردنەوە و نرخەکان گونجاون.

 


خواردن و خواردنەوە

گەشتیار پێویستی بە ٧ بۆ ١٢ دۆلار هەیە تاوەکو ژەمێکی ئاسایی بخوات. نرخەکان زۆر لە کوردستان هەرزانترن بۆ خواردن و چەندین بژاردەش بەردەستە، ماکدۆناڵد و کەی ئێف سی لە زۆربەی شوێنەکان بەردەستە. لە ماکاتێ و مالاتێ خواردنگەی عەرەبی و ئێرانی لێیە بەتایبەت لە مالاتێ چەندین خواردنگەی سوری و ئێرانی لێیە. گەشتیار لە فلیپین کێشەی خواردنی بۆ درووست نابێت.

 

سەبارەت بە خواردنەوە کحولیەکانیش، نرخی بیرەیەک لە ٨٠ سەنتەوە دەستپێدەکات بۆ دۆلارێک و نیو. نرخی خواردنەوەکانی تر قورسە دەستنیشان بکرێت بەڵام بە بەراورد بە کوردستان هەرزانترە کە لە کوردستان نرخی خواردنەوە کحولیەکان بە بەراورد بەشوێنی تر زۆر هەرزانە. لە یانەکانیش لە ٢ دۆلار تێپەر ناکات نرخی بیرەیەک. نرخی ئاو شەربەت و ئەوانی تریش بەهەمان شێوە لە مانێلا هەرزانترە بە بەراورد بە کوردستان.

 


هۆکارەکانی گواستنەوە

سەبارەت بە هۆکارەکانی گواستنەوە لە فلیپین نرخی پێترۆل زۆر گرانە بەجۆرێک لیترێکی بەنزین نزیکەی ٢ دۆلارە بۆیە بەهیچ شێوەیەک تەکسی تایبەت بەکامەهێنن جگە لەوەی فێلتان لێدەکرێت و بەهیچ شێوەیەک بە تەکسی رەنگ سپی لە فرۆکەخانەوە مەچن بۆ هۆتێلەکانتان. باشترین ئامۆژگاری من ئەوەیە جیپنی بەکابهێنن لەگەڵ مێترۆ. بۆ نمونە لەرێگەی جیپنیەوە برۆنە وێستگەی مێترۆکان و لەوێشەوە بە مێترۆ بچنە ئەو ناوچەیەی کە دەتانەوێ بچن بۆی. ئەگەر شارەزایی زمان و شوێنەکان نیت، باشترە لەرێگەی گراپەوە برۆن. لەسەر مۆبایڵەکانتان ئینستۆلی بکەن باشترین بژاردەیە دووای جیپنی، بەپێچەوانە تەکسی فێلتان لێدەکات، بەجۆرێک چەند قاتی نرخی راستەقینەتان لێ وەردەگرێت، بۆیە تکایە بە تەکسی هاتوچۆ مەکەن. جگە لە جیپنی و مێترۆ و گراپ، هۆکاری گواستنەوەی وەکو کەشتی بۆ ناوچەکانی تر لەگەڵ فررۆکە بەردەستە. فلیپین وشکانی نییە بەڵکو زیاتر دوورگەن بۆیە لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر پێویستە بە کەشتی یان فرۆکە بچیت.

 

وێنەی جیپنی کە تەنها بە ١١ پیسپۆس (١٠ سەنت) زۆربەی شوێنەکان دەگەرێیت

هۆتێل و مۆتێل

باشتر وایە لەرێگەی بووکینگ دۆت کۆم هۆتێلەکان حیجز بکەن. نرخی هۆتێلەکان کە بەشێت بۆ مانەوە لە ٢٥ دۆلارەوە دەستپێدەکات. واتە گەشتیار دەتوانێت لە ٣٠ دۆلار لە ژورێێکی ماقول بمێنێتەوە و ئەگەر بەدووای هۆتێلی پێنج ئەستێرەیی دەگەرێن نرخەکان لە ١٥٠ دۆلار دەستپێدەکات بۆ ٥٠٠ دۆلار. بژاردەی تریش هەیە وەکو هۆم ستەی.


زانیاری تر دەربارەی فیلیپین 

 بەناوبانگترین شارەکانی فلیپین کوێن

1-    مانێلا – پایتەختی وڵاتەکەیە

2-    کویزن گەورەترین ناوچەی فلیپینە

3-    داڤاو

4-    کالۆکان

5-    شاری سیبو



·       ژمارەی دانیشتوان: ١١٠ ملیۆن

·       ژمارەی دانیشتوان لە دەرەوەی وڵات: نزیکەی ٢ مللیۆن فلیپینی لە دەرەوەی وڵات کاردەکەن بەتایبەتی لە وڵاتانی کەنداو

·       ئاین: مەسیحیەت: ٩٠٪؛ موسڵمان ٦٪

·       دابەشبوونی رەگەزی: ١٠٠ ژن بەرامبەر بە ١٠٠،٨ پیاو

·       دراو: پێسۆ

·       بەهای دراو: ١ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە ٥٧ پێسۆی فلیپینی

·       بە یەک پێسۆ دەتوانی چی بکریت: دەتوانیت ٣ بوتڵی ئاو یاخود ٢ بیرە بکریت.

 

 

چ شتێک سەیرە لە وڵاتی فلیپین

1-    لە وڵاتی فلیپین قورسترین شت بریتییە لە تەڵاقدان و تەڵاقدان نییە بەڵکو ئەگەر کەسێک بیەوێت جیابێتەوە لە باشترین حالەتدا ماوەی پێنج ساڵ دەخایەنێت و تێچوونەکەی هێندە زۆرە کە تەنها کەسانی خاوەن سەرمایە و دەوڵەمەند دەتوانن. بەپێچەوانەوە ژیانی هاوسەرگیری تا کۆتاییە.

 

2-    حکومەت موچەی کارمەندانی کەرتی تایبەت و حکومی وەکو یەک داناوە بەجۆرێک دانیشتوانی شارە گەورەکان ٥٥٠ پیسۆ (١٠ دۆلار) وەردەگرن لەبەرامبەر ٨ کاتژمێر کارکردن جا لە کەرتی گشتی بن یان تایبەت و دانیشتوانی شارۆچکەکان ٣٥٠ پیسۆس کە دەکاتە (٦.٢٥ دۆلار)، جگە لەو کەسانەی کەوا لە کۆمپانیا بیانیەکان کاردەکەن. ئەمەش هۆکارێکە کە زۆرێک لە فلیپینیەکان پەنا دەبەنە بەر کارکردن لە دەرەوەی وڵات، نەک لەبەر ئەوەی لە وڵآتەکەیان کار نییە بەڵکو کرێی کارکردن کەمە و یەکسانە گرنگ نییە چ کار دەکەیت.

3-    بروانامە گرنگە ئەگەر کەسێک بروانامەی نەبێت ناتوانێت کاربکات جگە لە کرێکاری لە زۆربەی شوێنەکان.