Monday, August 15, 2022

رێبەری گەشتیار بۆ فلیپین

فلیپین دەکەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا و دانیشتوانەکەی ١١٠ ملیۆن کەس دەبێت و یەکێکە لە وڵاتە جوانەکانی دوونیا بۆ گەشتکردن.



چۆن سەردانی فلیپین بکەم

هەنگاوی یەکەم: وەرگرتنی ڤیزای فلیپین

چۆن بتوانم ڤیزای فلیپین وەربگرم

وەڵام: بۆ وەرگرتنی ڤیزای فلیپین ئەم بەڵگەنامانەت پیویستە

1-   کۆپی پاسپۆرت (دەبێت ٦ مانگ زیاتری مابێت بۆ بەسەرچوونی)

2-   ٢ وێنە باکگراوندی سپی

3-   کارتی ڤاکسین

4-   پشتگیری کار

5-   وێنەی هەژماری بانکی و ئەو مامەڵانەی کە لەرێگەیەوە کردووتە (بانک ستەیتمێنت)

6-   بەڵگەنامەی پۆلیس کە تۆ هیچ تاوانێکت نەکردووە (لە هەولێر دەکرێت بەرامبەر لەنگە شەقامی ١٠٠ مەتری و ماوەی رۆژێکی دەوێت)

7-   ٤٠ دۆلار تێچووی ڤیزا

دووای ئەوەی سەرجەم ئەم بەڵگەنامانەت ئامادەکرد پێویستە فۆرمی ئۆنلاین پربکەیتەوە بۆ وەرگرتنی ڤیزای فلیپین لەرێگەی ئەم ماڵپەرەوە: https://www.visa.gov.ph/ و جۆری ڤیزاکە بکە لێژەر و تۆریزم و دووای تەواوکردنی فۆرمەکە داونلۆدی بکەیت و ئیمزای بکەیت و دوواتر لەرێگەی ئیمەیلێکەوە سەرجەم ئەو پێداویستیانەی لای سەرەوە لەگەڵ فۆرمی ئیمزاکراو بینێریت بۆ: embaphilbaghdad.visas@gmail.com, baghdad.pe@dfa.gov.ph

 

لە ماوەیەکی کورتدا کەسێک لە بالێۆزخانەی فلیپین پەیوەندیت پێوە دەکات، دەتوانی داوای ئەوە بکەیت کەوا چاوپێکەوتنت لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەیت ئەگەر پەلەت نەبێت، عادەتەن مانگانە سەردانی ئەو شارە دەکەن و دەتوانی بیانبینی. ئەگەر پەلەشت بێت ئەوا لە بەغدا دەتوانی چاوپێکەوتن بکەیت.

ئەگەر چوویت بۆ بەغدا لە ناوچەی جادریەیە بالیۆزخانەیان لە تەنیشنت بانکی ناوەندی عێراقی کە نوێ درووست دەکرێت و بە ١٠ هەزار لە گەراجی پاسەکانی نەهزەوە دەچێت بۆ ئەو شوێنە.

چاوپێکەوتنەکە چەند پرسیارێکت لێدەکات و بەپێی کەسەکە وەستاوە بۆ نمونە چاوپێکەوتنی من تەنها (٢) خولەکی خایاند چونکە پێشینەی سەفەرم زۆرە.

دووای ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەماوەی ٣ – ١٠ رۆژ ڤیزاکەت تەواو دەبێت. من بە (٣) رۆژ وەرمگرت، هەر کەسێک دەتوانێت پاسپۆرتەکەت بۆ وەربگرێتەوە دەتوانی لەرێگەی تەکسیەوە بە ٢٥ هەزار بۆت بهێننەوە، بەڵام دەبێت نامەیەک بنوسی بیدەیتە تەکسیەکە و ئیمەیڵی قونسڵخانەی بکەیت کەوا کەسێک لە جیاتیت پاسپۆرتت وەردەگرێتەوە.

 

دووای وەرگرتنی ڤیزا چۆن بچم بۆ فلیپین و نرخی تکتی فرۆکە چۆنە:

بەهۆی پەتای کۆرۆنا لە ئێستادا نرخی فرۆکە بۆ سەرجەم ولاتان بەتایبەت ئەو وڵاتانەی دوورن گرانە، بۆیە ئەگەر لە هەولیرەوە بتەوێت بچیت بۆ مانێلا نزیکەی ١٥٠٠ دۆلارە نرخی تکتی ئیکۆنۆمی و ترانزێتت دەکرێت لە قەتەر، ئیستەنبول یان ئیمارات بێت. بەگشتی ١٢ کاتژمێر لەناو فرۆکە بە ئاسمانەوە دەبیت بەبێ ترانزێت.

 

ئەی رێگای هەرزانتر هەیە تاوەکو بەگەمە فلیپین:

بەلێ – گەشتیار دەتوانێت لە جیاتی ئەوەی راستەوخۆ بێت بۆ مانێلا کە پایتەختی فلیپینە، سەرەتا بچێت بۆ مالیزیا لەوێ چەند رۆژێک بمێنێتەوە و نرخی تکتی فرۆکە هەرزانترە، لە کاتی ئێستادا بەهۆی ئەوەی وەرزی گەشتکردنە گرانە لە ٧٥٠ دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو ١٤٠٠ دۆلار بەپێی هێلی فرۆکەوانییە. لە کاتی ئاسایی نرخی تکت تەنها ٦٠٠ بۆ ٩٠٠ دۆلارە.

دوواتر لەرێگەی مالیزیاوە بە هێڵی سیبۆ پاسیفیک یاخود ئەیر ئەیژا تکتی دووسەرە ببری تەنها بە ١٨٠ دۆلار چون و هاتنەوە بۆ مالیزیا (تەنها ٣ کاتژمێر و نیو لە مالیزیاوە دوورە)

 

چەند رۆژم پێویستە تاوەکو تەواوی فلیپین ببینم

بۆ بینینی تەواوی فلیپین زیاتر لە مانگێکت پێویستە بەڵام بۆ ئەوەی گەشتەکەت کورتر بکەیتەوە دەتوانی هۆکاری گەشتەکەت دەستنیشان بکەیت و بزانی بۆچی دەچیت بۆ فلیپین کە دەکرێت پۆلێنی بکەین بۆ ئەم مەبەستانەی لای خوارەوە:

گەشتی سروشت – دوورگەکانی پالەوان

فلیپین خاوەنی یەکێک لە جوانترین دوورگەکانە لە دوونیادا و جوانترین کەناری دەریای هەیە لە جیهاندا کە بە کەناراوەکانی پاڵەوان ناسراوە و بۆ گەیشتن بەم شوێنە پیویستە لە مانێلای پایتەختەوە بە فرۆکە بۆی بچیت و نزیکەی ١٥٠ دۆلارە چون و هاتن. لە دوورگەکەدا ئەوەی لە وێنە و خەیاڵەکانتدا بینیوتە لەوێدا بە راستی دەیبینیت و بۆ خێزانەکان دەشێت و ئەوانەی کەوا سینگلیش دەچن بەهەمان شێوە دەتوانن کاتێکی شاهانەیان هەبێت و سەرجەم پێداویستیەکانی گەشتیاران دابینکراوە و گەشتیار تێکەڵ بە سروشت دەبێت. بەهۆی جوانیەکەوەی ئەم دووگەیە بەشێک لە زنجیرەی تاڵانی پارە لێرەدا وێنەی گیراوە.

 


 لاگونا – سان پابلۆ

سان پابلۆ شارێکە دەکەوێتە دەرەوەی مانێلا و لەرێگەی پاسەوە دەتوانرێت لە ماوەی (٣) کاتژمێر لەرێگەی وشکانیەوە بگەیت پێی. ئەو شارە بە ٧ دەریاچەکە ناسراوە. ئەو کەسانەی کە خولیای کاتێکی شاهانەن بەبێ مۆبایل و ئامێرەکانی پەیوەندی، دەتوانن سەردانی ئەم شوێنە بکەن و لەگەڵ سروشتدا بۆ ماوەی چەند رۆژێک بمێننەوە.

دەریاچەکان ئەمانەی لای خوارەوەن

1-    دەریاچەی بونۆت

2-    دەریاچاەی کالیباتۆ

3-    دەریاچە دووانەکەی یامبۆ و پاندین

4-    دەیاچەی پالاکپاکین

5-    دەیاچەی موهیکاپ

6-    دەریاچەی سامپالۆک

 





بۆراکای

بۆراکای دەکەوێتە باشوری فلیپین و دەتوانرێت لەرێگەی فرۆکەوە بۆی بچیت و نرخی پلیتی فرۆکە ١٥٠ دۆلارە چون و هاتن، لێرەدا ئاشنا دەبیت بە کەنارە دەریاییەکانی بۆراکای و کەناری دەریای سپی کە ئاوەکەی زۆر روونە و یەکێکە لە کەنار دەریا نایابەکان لە دوونیادا.

 


 

مایۆن ڤۆلکەینۆ لە ئەلبای

ئەوانەی کەوا حەزیان لە بینینی بورکانەکانە و بیانەوێ لە نزیکەوە گرکان ببینن دەتوانن سەردانی ئەم شوێنە بکەن کە بە پاس نزیکەی ١٠ کاتژمێر دەبێت لە مانێلاوە. ئەم چیایە بە بەردەوامی دەکولێت و دیمەنێکی ئێجگار دلرفێنی هەیە.

 


 چۆکۆلەیت هیڵس، بۆهۆل

زیاتر لە ١٢٠٠ گردی لێیە و یەکێکە لە ناوچە گەشتیاریە بەناوبانگەکانی فلیپین. بۆ ئەوەی بگەیت بە بۆهۆل دەتوانیت سەرەتا بە فرۆکە بچیت بۆ سیبۆ و لەوێشەوە لەرێگەی کەشتیەوە بچیت بۆ بیهۆل ئەمە هەرزانترین رێگەیە کە تێچووەکەی ١٣٠ دۆلار چون و هاتن دەبێت. یەکێکە لە شوێنەوارەکانی یونسکۆ و تەواوی ناوچەکە شاخە و بەرزاییە.

 


 دیمەنی کشتوکاڵ و کێڵگەکانی چاندنی برنج لە باناو

ئەگەر خوازیاری گرتنی وێنەی لەگەڵ سروشتدا و بینینی کێلگەی برنج و خانوو لەسەر ستایڵی کۆن و کشتوکاڵی کلاسیکی کە سەردەمی هەندێکیان بۆ ٢٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەرێتەوە باناو ئەم دەرفەتەت پێدەبەخشێت. بۆ گەیشتن بە باناو، دەتوانی بە پاس لەماوەی ٦ کاتژمێردا بگەیت و نرخی تکتی پاس تەنها ١٠ دۆلارە.

 


 تاگایتای

لەم شوێنە پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و وەکو بەهاری کوردستان وایە. گەشتیار دەتوانێت لە بەرزاییەکانی تاگای تای دیمەنی دلرفێنی دەریاچە و گرکانەکان و بەرزاییەکان ببینێت و دەشتوانێت لەرێگەی بەلەمەوە نزیک بێتەوە لە گرکانەکان. ئەم شوێنە نزیکە لە مانێلای پایتەخت و تەنها کاتژمێرێک لە پایتەختەوە دوورە. 

ئەوانەی حەز بە شار و بینای جوان دەکەن

شاری مانێلا ئەم بژاردەیەت پێدەبەخشێت و ئەگەر خوازیاری بینینی بینای بەرز و پێشکەوتووی، لە ناوچەی ماکاتێ هۆتێلەکەت حیجز بکە بەتایبەتی لەوێدا چەندی هۆتێل و براندی بەناوبانگی جیهانی لێیە و شەقامێکیشی لێیە کە تایبەتە بە ژیانی شەوانە و ئەگەر حەز بە سەما و خواردنەوە دەکەیت لە ماکاتێ ئەڤێنیو هۆتێلەکەت حیجز بکە.

 

بۆ بینینی شوێنەواری مێژوویی گەشتیار دەتوانێت سەردانی ئینترامۆرۆس بکەن لەوێدا شوێنەواری مێژووی سەردەمی ١٦٠٠ – ١٨٠٠ زاینی دەبینن کە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی داگیرکاری ئیسپانیەکان و شوێنەکەش لەسەر هەمان ستایلی ئیسپانیەکان درووستکراوە، بەتایبەت لەوێدا شوێنێک هەیە بەناوی سانتیاگۆ کە نابێت گەشتیارێک سەردانی فلیپین بکات و سەردانی ئەم شوێنە نەکات. لانیکەم ٤ کاتژمێرت پێویستە بۆ ئێرە و چوونە ژوورەوە (١ دۆلارە).

کەنیسەی کویپۆش یەکێکە لە شوێنە گەشتیاریە مێژوویەکانی شاری مانێلا کە دەکەوێتە پلازا میراندا و بەهەمان شێوە کەنیسەی سا ئۆگوستن کە یەکێکە لە شوێنەوارەکانی یونسکۆ و هەر دەکەوێتە ناوچەی ئینرامۆرۆس.

 

ریزال پارک

لەوێدا دەتوانن ئاشنای یەکێک لە پارکە دلرفێنەکانی ولاتەکە بن کە بەناوی پاڵەوانەی نیشتیمانی فلیپین خوزی ریزالەوەیە کە لەلایەن ئیسپانیەکانەوە گولەباران دەکرێت و پەیکەرێکی زۆر جوانیان لەهەمان شوێنی گولەبارانکردنی درووستکردووە و پێویستە گەشتیار ئەم شوێنە ببینێت.



رابواردن و ژیانی شەوانە

ئەوانەی کەوا خوازیاری ژیانی شەوانە و رابواردنن دەتوانن هۆتێلەکانیان لە ناوچەی مەلاتێ بگرن کە پرە لە بار و یانەی شەوانە و دەتوانن کاتێکی تایبەت لەوێدا بەسەربەرن و نرخەکان زۆر گەنجاون و گەشتیار پێویست بە هیچ ترسێک ناکات پێچەوانەی وڵاتانی تر کە زیاتر لەو شوێنانە نرخی خواردنەوەکان بەرزە.

 


بازارکردن

بۆ بازارکردن چەند بژاردەیەکی هەیە گەشتیار، لە شاری مانێلا دوو مۆڵی بەناوبانگ و مەزن هەن کە بریتین لە مۆڵ ئۆف ئەیژا و رۆبنسن. گەشتیار دەتوانێت بۆ هەر یەکێکیان ٦ کاتژمێر دابنێت ئەگەر خوازیاری کرینی جل و بەرگ و بازاریکردنەوە و نرخەکان گونجاون.

 


خواردن و خواردنەوە

گەشتیار پێویستی بە ٧ بۆ ١٢ دۆلار هەیە تاوەکو ژەمێکی ئاسایی بخوات. نرخەکان زۆر لە کوردستان هەرزانترن بۆ خواردن و چەندین بژاردەش بەردەستە، ماکدۆناڵد و کەی ئێف سی لە زۆربەی شوێنەکان بەردەستە. لە ماکاتێ و مالاتێ خواردنگەی عەرەبی و ئێرانی لێیە بەتایبەت لە مالاتێ چەندین خواردنگەی سوری و ئێرانی لێیە. گەشتیار لە فلیپین کێشەی خواردنی بۆ درووست نابێت.

 

سەبارەت بە خواردنەوە کحولیەکانیش، نرخی بیرەیەک لە ٨٠ سەنتەوە دەستپێدەکات بۆ دۆلارێک و نیو. نرخی خواردنەوەکانی تر قورسە دەستنیشان بکرێت بەڵام بە بەراورد بە کوردستان هەرزانترە کە لە کوردستان نرخی خواردنەوە کحولیەکان بە بەراورد بەشوێنی تر زۆر هەرزانە. لە یانەکانیش لە ٢ دۆلار تێپەر ناکات نرخی بیرەیەک. نرخی ئاو شەربەت و ئەوانی تریش بەهەمان شێوە لە مانێلا هەرزانترە بە بەراورد بە کوردستان.

 


هۆکارەکانی گواستنەوە

سەبارەت بە هۆکارەکانی گواستنەوە لە فلیپین نرخی پێترۆل زۆر گرانە بەجۆرێک لیترێکی بەنزین نزیکەی ٢ دۆلارە بۆیە بەهیچ شێوەیەک تەکسی تایبەت بەکامەهێنن جگە لەوەی فێلتان لێدەکرێت و بەهیچ شێوەیەک بە تەکسی رەنگ سپی لە فرۆکەخانەوە مەچن بۆ هۆتێلەکانتان. باشترین ئامۆژگاری من ئەوەیە جیپنی بەکابهێنن لەگەڵ مێترۆ. بۆ نمونە لەرێگەی جیپنیەوە برۆنە وێستگەی مێترۆکان و لەوێشەوە بە مێترۆ بچنە ئەو ناوچەیەی کە دەتانەوێ بچن بۆی. ئەگەر شارەزایی زمان و شوێنەکان نیت، باشترە لەرێگەی گراپەوە برۆن. لەسەر مۆبایڵەکانتان ئینستۆلی بکەن باشترین بژاردەیە دووای جیپنی، بەپێچەوانە تەکسی فێلتان لێدەکات، بەجۆرێک چەند قاتی نرخی راستەقینەتان لێ وەردەگرێت، بۆیە تکایە بە تەکسی هاتوچۆ مەکەن. جگە لە جیپنی و مێترۆ و گراپ، هۆکاری گواستنەوەی وەکو کەشتی بۆ ناوچەکانی تر لەگەڵ فررۆکە بەردەستە. فلیپین وشکانی نییە بەڵکو زیاتر دوورگەن بۆیە لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر پێویستە بە کەشتی یان فرۆکە بچیت.

 

وێنەی جیپنی کە تەنها بە ١١ پیسپۆس (١٠ سەنت) زۆربەی شوێنەکان دەگەرێیت

هۆتێل و مۆتێل

باشتر وایە لەرێگەی بووکینگ دۆت کۆم هۆتێلەکان حیجز بکەن. نرخی هۆتێلەکان کە بەشێت بۆ مانەوە لە ٢٥ دۆلارەوە دەستپێدەکات. واتە گەشتیار دەتوانێت لە ٣٠ دۆلار لە ژورێێکی ماقول بمێنێتەوە و ئەگەر بەدووای هۆتێلی پێنج ئەستێرەیی دەگەرێن نرخەکان لە ١٥٠ دۆلار دەستپێدەکات بۆ ٥٠٠ دۆلار. بژاردەی تریش هەیە وەکو هۆم ستەی.


زانیاری تر دەربارەی فیلیپین 

 بەناوبانگترین شارەکانی فلیپین کوێن

1-    مانێلا – پایتەختی وڵاتەکەیە

2-    کویزن گەورەترین ناوچەی فلیپینە

3-    داڤاو

4-    کالۆکان

5-    شاری سیبو



·       ژمارەی دانیشتوان: ١١٠ ملیۆن

·       ژمارەی دانیشتوان لە دەرەوەی وڵات: نزیکەی ٢ مللیۆن فلیپینی لە دەرەوەی وڵات کاردەکەن بەتایبەتی لە وڵاتانی کەنداو

·       ئاین: مەسیحیەت: ٩٠٪؛ موسڵمان ٦٪

·       دابەشبوونی رەگەزی: ١٠٠ ژن بەرامبەر بە ١٠٠،٨ پیاو

·       دراو: پێسۆ

·       بەهای دراو: ١ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە ٥٧ پێسۆی فلیپینی

·       بە یەک پێسۆ دەتوانی چی بکریت: دەتوانیت ٣ بوتڵی ئاو یاخود ٢ بیرە بکریت.

 

 

چ شتێک سەیرە لە وڵاتی فلیپین

1-    لە وڵاتی فلیپین قورسترین شت بریتییە لە تەڵاقدان و تەڵاقدان نییە بەڵکو ئەگەر کەسێک بیەوێت جیابێتەوە لە باشترین حالەتدا ماوەی پێنج ساڵ دەخایەنێت و تێچوونەکەی هێندە زۆرە کە تەنها کەسانی خاوەن سەرمایە و دەوڵەمەند دەتوانن. بەپێچەوانەوە ژیانی هاوسەرگیری تا کۆتاییە.

 

2-    حکومەت موچەی کارمەندانی کەرتی تایبەت و حکومی وەکو یەک داناوە بەجۆرێک دانیشتوانی شارە گەورەکان ٥٥٠ پیسۆ (١٠ دۆلار) وەردەگرن لەبەرامبەر ٨ کاتژمێر کارکردن جا لە کەرتی گشتی بن یان تایبەت و دانیشتوانی شارۆچکەکان ٣٥٠ پیسۆس کە دەکاتە (٦.٢٥ دۆلار)، جگە لەو کەسانەی کەوا لە کۆمپانیا بیانیەکان کاردەکەن. ئەمەش هۆکارێکە کە زۆرێک لە فلیپینیەکان پەنا دەبەنە بەر کارکردن لە دەرەوەی وڵات، نەک لەبەر ئەوەی لە وڵآتەکەیان کار نییە بەڵکو کرێی کارکردن کەمە و یەکسانە گرنگ نییە چ کار دەکەیت.

3-    بروانامە گرنگە ئەگەر کەسێک بروانامەی نەبێت ناتوانێت کاربکات جگە لە کرێکاری لە زۆربەی شوێنەکان.

 

 

No comments: